کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەماڵەی چالاکانی سیاسیی کورد لە شاری روانسەر، لەژێر گوشاری هێزەکانی رێژیمی ئێران دان

23:01 - 8 گەلاوێژ 2713

کوردستان میدیا: هێزەکانی رێژیمی ئێران لە شاری روانسەر، هەڕەشەی زەوت کردنی وەسیقە، پچڕاندنی هێڵی ئینتێرنێت و باتڵ کردنەوەی رەگەزنامە، لە بنەماڵەی چالاکانی سیاسیی ئەو شارە دەکەن.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ماوەیەکە رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە شێوەی بەردەوام و بە شێوازگەلی جۆراوجۆر، گوشاری بۆ بنەماڵەی چالاکانی سیاسیی کورد کە رۆڵەکانیان پەیوەست بە حیزبە کوردییەکان بوون، هێناوە.

عادڵ مورادی، بەختیار نەزەری و فوئاد ئەنگوشتان، ناوی سێ چالاکی سیاسیی کوردە کە ماوەیەک پێش ئێستا بە دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی لە زیندانەکانی رێژیمدا ئازاد کرابوون، بەڵام هەنووکە لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە گوشاریان بۆ بنەماڵەکانیان هێناوە و پێیان راگەیاندوون کە دەبێ رۆڵەکانیان لە نێو حیزبە کوردییەکاندا بگەڕێننەوە.

ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە لە رێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩١ی هەتاوی، بەتۆمەتی پڕوپاگەندە لەدژی رێژیم و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری روانسەرەوە دەسبەسەر و زیندانی کرابوون.

ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم لە شاری روانسەر، بە بنەماڵەی ئەو چالاکانەی راگەیاندووە، کە هەتا رێکەوتی ١٠ گەلاوێژ دەرفەتیان هەیە بچن و رۆڵەکانیان کە پەیوەست بە ریزی حیزبە کوردییەکانەوە بوون، بگەڕێننەوە و ئەگەر ئەو کارە نەکەن، بارمتە ٥٠ میلیۆنییەکەیان زەوت دەکرێت.

عادڵ مورادی یەکێک لەو چالاکە سیاسییانە، لە وتووێژێکی تایبەتیدا وێڕای پژڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵانە بە ماڵپەڕی \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: \'\'هێزەکانی رێژیمی ئێران سەرەڕای گوشار بۆ سەر بنەماڵەکانمان، گوشارێکی زۆریشیان بۆ ئیدارەی موخابرات هێناوە کە وێڕای کونترۆڵ کردنی تەلەفوونەکان، ئەو بنەماڵانە بخەنە نێو لیستی رەشەوە و لە دانی هێڵی ئینتێرنێت خۆ ببوێرن\'\'.

مورادی هەروەها وتیشی: \'\'چەند جارێکیش دایک و باوکی ئێمەیان بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کردووە و وێڕای بێ حورمەتی پێ کردن، هەڕەشیان لێ کردوون کە ئەگەر هاوکارییان نەکەن، رەگەزنامەکەیان باتڵ دەکرێتەوە\'\'.