کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بوردومانی فڕۆکە جەنگییەکان بۆسەر نانەواییەک لە سووریه، دەیان قوربانیی لێ کەوتەوە

13:46 - 4 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: لە ئاکامی هێرشێکی ئاسمانییدا بۆسەر نانواییەک لە پارێزگای حەما لە سووریه، دەیان هاووڵاتیی مەدنی کوژران و بریندار بوون.
هێشتا ژمارەی ورد و دروستی زیانەکانی ئەم هێرشە نیزامییە بۆسەر شاری حەلیفا روون نەبووەتەوە و هەندێ لە راپۆرتەکان، هەواڵی قوربانی بوونی زیاتر لە ٢٠٠ هاووڵاتیی سوورییان لەو هێرشەدا بڵاو کردووەتەوە.
دژبەرانی سووریه دەڵێن، ئەم هێرشە لەلایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەرتشی بەشار ئەسەدەوە ئەنجام دراوە.
کونترۆڵی شاری حەلیفا حەوتووی رابردوو کەوتووەتە دەستی ئەرتشی ئازادی سووریه و خەڵکی ئەو شارەش لەگەڵ کەمیی نان و خواردن بەرەوڕوو بوونەتەوە.
لە دەروبەری شاری حەلەب تێکهەڵچوونەکان درێژەیان هەیه و هاوکاتیش لەگەڵ سەردانی ئەخزەر ئیبراهیمی نێردەی تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکیەتیی ئورووپا بۆ دیمەشق، شەڕ لە پایتەختی ئەو وڵاتەشدا دەستی پێ کرد.
ئەمە سێیەمین جارە کە ئیبراهیمی وەکوو نێوبژیوان لەمەڕ جێگیر کردنی ئاشتی لە سووریه، سەردانی ئەو وڵاتەی کردووە.

سەردانێک کە هەتا ئێستا هیچ ئاکامێکی بە دواوە نەبووە.