کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بوومەلەرزەی سیاسی

21:16 - 30 خەزەڵوەر 2717

کەریم پەرویزی

لەو شەوەدا کە بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە بن عەرزەوە، لە کوردستانی دا و چەندین شاری کوردستان لە پارێزگای کرماشان تووشی کارەسات بوون، رێژیمی کۆماری ئیسلامی وایدەزانی لەو بەڵایە دوورە، بەڵام زۆری نەخایاند کە بوومەلەرزەیەکی سیاسی سەرتاپای رێژیمی وەلەرزە خست.

ساڵانێکی دوور و درێژە کە رێژیمی ئیسلامیی تاران، بە بیانوو و بە پیلانی جۆربەجۆرەوە ویستوویە کوردستان وێران و نەتەوەی کورد لەت‌وپەت و پەرتەوازە بکا. پێویست بەوە ناکا دووبارە بەوردی ئامارەکانی بێکاری و دۆخی نالەباری ئابووری و هەژاری و رادەی دواکەوتوویی و خراپی ژیان لە پارێزگاکانی کوردستان بخوێنینەوە، بەڵکوو رۆژانە لە ژیانی واقیعیی خەڵکی کوردستاندا ئەوپەڕی لەهەژاری هێشتنەوەی کوردستان بە هەموو پارێزگاکانیەوە دەبینین.

هەر لەو کاتەشدا رێژیمی کۆماری ئیسلامی بە ناوی جۆربەجۆرەوە هەوڵی داوە کە کوردستان و کورد پەرتەوازە بخا و ماڵێکی لێکترازاو و نەتەوەیەکی لێکدابڕاوی لێ سازبکا تاکوو بۆ هەتاهەتایە دەستەمۆی بێ. رێژیمی کۆماری ئیسلامی و دام‌ودەزگا ئیتلاعاتی و بەناو فەرهەنگی و ئەمنیەتییەکانی هەوڵیان داوە کە هەمەرەنگیی زاراوە و بن‌زاراوە و فرەچەشنیی ناوچە جیاجیاکانی کورد و کوردستان بکەنە دەسمایەی لێکترازانی کورد. هەروەها فرە ئایینی و فرە ئایینزایی و فرە وردە کەلتووری لە نێو نەتەوەی کورددا بکەنە هەوێنی دووبەرەکی و چەندبەرەکی و سیاسەتی دوژمنایەتی پێکهێنان لە نێو نەتەوەی کوردیان پێڕەو کردووە تاکوو بە پەرتکردن بەسەریدا زاڵ بن.

ئەمە لەلایەک و لەولاشەوە سیاسەتی دیکەیان ئەوە بووە کە هەرچەند دام‌ودەزگای داپڵۆسێنەر و سەرکوتکەریان هەبووە، بەڵام بە چەواشەکاری لە نێو بیروڕای خەڵکی ئێران و لە نێو جیهاندا وا نیشان بدەن کە ئەم رێژیمە پێگەی خەڵکیی هەیە و بە هەموو گرفت و کێشەکانەوە خەڵکانی ئێران هێشتا ئەم رێژیمەیان پێ باشترە تا ئاڵتێرناتیڤی دیکە!

کە بوومەلەرزە لە کرماشانی دا، ڕێژیم چاوەڕێ بوو کە ئەو بوومەلەرزە کورد زۆرتر وێران و چاولەدەست بکا و بەهانای خەڵکی لێقەوماوە نەچوو و لەولاشەوە وایدەزانی پیلانەکانی گرتوویە و شارەکانی دیکەی کوردستان دەڵێن جا بە ئێمە چی؟ با کەلهووڕ و یارسان و شیعەکان تێدا بچن!

بەڵام هەمووی چەند کاتژمێری نەخایاند کە بوومەلەرەزەیەکی سیاسی لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی دا، ئەویش بومەلەرزەی خەڵکی کورد بوو. نەتەوەی کورد بە هەموو توانای نەتەوەییەوە هاتنە گۆڕەپانی کردەوە و یارمەتییان بۆ هاونەتەوەییەکانیان لە شار و گوندە بوومەلەرەزە لێدراوەکان کۆکردەوە و نیشتمانی برینداریان ساڕێژ دەکردەوە.

هەر لەو ئاراستەیشدا چ لە نێو نەتەوەی کورد و چ لە شوێنەکانی دیکە لە ئێراندا، خەڵک یارمەتیەکانیان بە دام‌ودەزگاکانی ڕێژیم نەدەدا و بە راشکاوی پێیان دەوتن کە بڕوامان پێتان نییە و ئێوە یارمەتییەکان دەدزن و بۆ شتی دیکەی بەکار دێنن!

بوومەلەرزەی سروشتی لە کرماشانی ناوەندی کوردستانی دا و قوربانیی گرت و وێرانیی بە دوادا هات، کە سارێژکردنەوەی ئەو برینانەی نیشتمانی کوردستان زۆر دژوار نییە و کوردستان بەهێزتر لە جاران دەبێ، بەڵام بوومەلەرەزەی سیاسی لە کۆماری ئیسلامیی دا و هەم پیلانی چەندین ساڵەی پووچەڵ کرایەوە و نەتەوەی کورد وەکوو یەک نەتەوە هاتە گۆڕەپانەکەو هەم هەموو چەواشەکارییەکانی ڕێژیم بوونە بڵقی سەرئاو و خەڵک نیشانیان دا کە ئەم ڕێژیمە نەک هیچ پێگەیەکی لە نێو کۆمەڵگادا نەماوە، بەڵکوو تەنانەت ئەوەندشیان بڕوا پێی نییە کە جووتە پێڵاوێک بدەنە دەست دام‌ودەزگاکانی ڕێژیم و خۆیان ملی رێگایان دەگرتە بەر تاکوو پێویستیان بە ڕێژیم نەبێ. ئەم بوومەلەرزە سیاسییە درزەکانی ڕێژیم قووڵتر دەکا. چارەنووسی ڕێژیم وەکوو مەسکەنی مێهرەکانی دەبێ و بەرگەی بوومەلەرزەی دیکە ناگرن.