کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڵاوکردنەوەی مادە هۆشبەرەکان لە کوردستاندا هێڵی سووری بەزاندووە

22:18 - 15 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: بڵاو کردنەوەی مادە هۆشبەرەکان لە بەشێک لە شار و گوندەکانی کوردستانی ئێراندا گەیشتووەتە ئەوپەڕی خۆی و هیچ کەس لەو پێوەندییەدا، خۆی بە بەرپرسیار نازانێت.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێژەی تووشبوونی لاوان و خەڵکی شاری مەهاباد بە ماددەی هۆشبەر رووی لە زیاد بوون دایە و کافەتریا و چێشتخانە سوننەتییەکان کە بەو مەبەستە بەکار دەهێنرێن، ژمارەیەیان زیادی کردووە.
هاووڵاتییەکی شاری مەهاباد بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند: سەرەڕایی زیاد بوونی رێژەی کافەتریاکان و قاوەخانە سوننەتییەکان لە شاری مەهاباد، کەسانێکی هەلپەرست کە پێوەندییان لەگەڵ سپای پاسداران و ئیتلاعاتی رێژیمدا هەیە، مادەی هۆشبەر تێکەڵ بە توتونی قڵیانەکان دەکەن، هەتا بەو شێوەیە خەڵک گیرۆدەی قلیان و بە شێوەیەکی نەخوازراویش گیرۆدەی مادە هۆشبەرەکان بکەن.
لەلایەکی دیکەشەوە ماوەی چەند هەفتەیە لە گوندەکانی دەوروبەری شاری نەغەدە لە پارێزگای ورمێ لەلایەن کەسانێکەوە مادەی هۆشبەر بە شێوەکەی سیستماتیک بڵاو دەبێتەوە و رێژەی تووشبوان لە نێو خەڵکی ئەو ناوچەیەدا بەرەو هەڵکشان دایە.
شوناسی ئەو کەسانەی کە دەستیان بە بڵاو کردنەوەی مادە هۆشبەرەکان کردووە لای ماڵپەری کوردستان میدیا پارێزراوە.
هاووڵاتییەکی خەڵکی نەغەدە لەم پێوەندییەدا بە ماڵپەری کوردستان میدیای وتووە: زۆربەی هەره زۆری فرۆشیاران لەژێر ناوی دەست‌فرۆش، سیگار فرۆش، گوڵ فرۆش و ... هتد کاری فرۆشی خۆیان بە ئەنجام دەگەیەنن و لەژێر کونترۆڵ و چاودێریی هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێراندا ئەو کارە دەکەن.
شاری سنەش لە تەوژمی بڵاو بوونەوەی مادە هۆشبەرەکان بێ‌بەری نییە
هاووڵاتییەکی شاری سنە لە پێوەندی لەگەڵ پەرەسەندنی جۆری مادە هۆشبەرەکان بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند، لە ماوەی یەک حەوتووی رابردوودا ژمارەیەک لە دەست و پێوەندییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەستیان داوەتە بڵاو کردنەوەی مەشرووباتی ئەلکولی و بەکار هێنانی ئەو مەشرووبانە لەلایەن ژمارەیەک لە لاوانەوە، هەتا ئیستا ٦٠ کەس تووشی کوێری، موسموومی و پاشان مردن بوون.
ئەم هاووڵاتییە لە درێژەدا وتیشی: ئەم مەشرووبانە دەست‌سازن و لەلایەن دەست و پێوەندییەکانی رێژیمەوە لە نێو شاری سنە بڵاو دەکرێنەوە و نیگەرانیی بنەماڵەکانی لێ کەوتووەتەوە.
ئەم هەوڵەی دەست و پێوەندییەکانی رێژیم لەلایەن هاووڵاتییای شاری سنەوە بۆ ستراتیژیی لەناوبردنی گەلی کورد لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە شرۆڤە دەکرێت.
لەلایەکی دیکەشەوە و لە شاری ورمێ دیاردەی تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان لە پەرەسەندن دایە و زۆربەی لاوانی ئەو شارە کەوتوونەتە نێو بۆسە رووخینەرە کۆمەڵایەتییەکان و لاوان دەستییان لە کارەکانیان هەڵگرتووە و لەم هەلومەرجە دژوارەدا تووشی بێ‌هیوایی بوون.
هاووڵاتییەکی خەڵکی ورمی وتی: لە شاری ورمێ رۆژ لە دوای رۆژ بنەماڵەکان هەژار و هەژارتر دەبن و ئەمەش بەستێن بۆ تووش بوونی هاووڵاتییان بە ماددە هۆشبەرەکان زیاتر دەرەخسینێت. لە هەمان کاتیشدا بەهۆی هەژاری و دەست کورتی و بێ‌کاری، دیاردەی رووسپی‌گەری رووی لە زیاد بوون کردووە و لێپرسراوانی رێژیمی ئێرانیش لەو پێوەندییەدا کەمتەرخەمن.