کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ بەرز راگرتنی یادی شەهید دوکتور قاسملوو چرای ماڵەکان لە کوردستانی باکوور کوژایەوە

23:00 - 24 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ٢٥مین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، هاووڵاتییانی شاری شێرناخ لە کوردستانی باکوور بۆ بەرز راگرتنی ئەم رۆژە چرای ماڵەکانیان کوژاندەوە.
ماڵپەری دەنگێ ئازاد بڵاوی کردەوە، ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی شاری شێرناخ لە کوردستانی باکوور بۆ بەرزراگرتنی ٢٢ی پووشپەڕ، ٢٥مین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی بۆ ماوەی ٥ خولەک چرای ماڵەکانیان کوژاندەوە.

ئەو ماڵپەڕە بڵاوی کردەوە، لە ناوچەی ئەڵکی سەربە شاری شێرناخ هاووڵاتییانی کوردپەروەر و ئەمەگناسی رێبازی دوکتور قاسملوو بۆ بەرز راگرتنی ٢٥مین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو چرای ماڵەکانیان کوژاندووەتەوە و بەو کردەوەیان پەیامی پشتیوانیی خۆیان بۆ رێبازی رێگای ئازادی نوێ کردەوە و نەفرەت و بێزاریی خۆیان بە دوژمنانی ئازادی و رووناکی دەربڕێ.

لە ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ی هەتاوی، یەکێک لە سامناکترین رووداوەکانی مێژووی کورد لە ڤییەنی پایتەختی نەمسا دوکتۆر عەبدولرەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ عەبدوڵڵا قادری ئازەر و فازیل رەسوڵ مەحموود لەسەر مێزی وتووێژ لەگە ڵ دیپلۆمات تیرۆریستەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران تێرۆر کران.

دوکتور قاسملوو لە کاتێکدا تێرۆر کرا کە بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەکی ئاشتییانە بۆ مەسەلەی کورد لە ئێران و بۆ بەدەست ھێنانی مافە سیاسی و ئینسانییەکانی گەلی کورد چووبووە ئەم دیدارە.