کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆکان/ ئاوارە‌بوون و سەرلێشێواوی دانیشتوانی گوندی گۆل بە هۆی لافاوەوە

19:57 - 26 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: بارینی بە لێزمەی باران و هاتنی لافاو، ٢٠٠ کەس لە دانیشتوانی یەکێک لە گوندەکانی بۆکانی ئاوارە و بێ ماڵ‌وحاڵ کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، نەبوونی پێوەری ئیمەنی لە گوندەکانی کوردستان و پرتووکاو بوونی چۆنیەتی پێوەندی گوزەر و رێڕەوکانی گوند(بافت روستایی ) بووەتە هۆی ئەوەیکە بە کەمترین رێژەی رووداوی سروشتی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی ناوچەکانی کوردستان ئاوارە بن.

راپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان باس لەوە دەکەن کە بەهۆی بارینی بە لێزمەی باران لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا و هاتنی لافاو، دانیشتوانی گوندی گۆلی سەربە شاری بۆکان بێ ماڵ‌وحاڵ ماونەتەوە.

خانووبەری دانیشتوانی گوندی گۆل بەهۆی باران و لافاوەوە پڕ بووە لە ئاو و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەیکە زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە دانیشتوانی ئەو گوندە ئاوارە بن.

لەو پێوەندییەدا لە گوندی ئیسلاملوو هەڵکەوتوو لە جاددەی ئورمیە ــ شنۆ بەهۆی بارینی باران و هاتنی لافاو خانووبەرە و ئەمباری دانەوێڵەی ٥ گوند زیانێکی جیدی لێکەوتووە.

هەواڵدەرییە نێوخۆیەکان لەو پێوەندییەدا بڵاویان کردەوە کە بەهۆی لافاو ٥ مەڕ تەڵەف بوونە و ئەگەری زایەبوونی ٣٨ مەڕی دیکەش لەئارادایە.

لەو پێوەندییەدا و بەگوێرەی قسەکانی بەرپرسی بونیادی مەسکەنی رێژیم لە ئورمیە، لە ٥٧١ گوندی پارێزگای ئورمیە کە مەترسیی جیدی لافاویان لەسەرە تەنیا ٨٠ گوند پێوەری ئیمەنییان هەیە.

دابین نەکردنی بوودجە پێویست لەلایەن رێژیمی ئێران بۆ پێوەری ئیمەنی ئەو گوندەکانی پاڕێزگاکانی کوردستانی ئێران کە مەترسیی رووداوە سرووشتییەکان لە لەسەرە دەبێتە هۆی ئەویکە زیانیان پێ بگات و ئەمەش نیگەرانیی جیدی هاووڵاتییانی لێ کەوتووەتەوە.