کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە تاڵان بردنی ئاسەوارە مێژوویی‌یەکانی کوردستان و تێکدانی ژینگە لەلایەن کەسانی هەلپەرستەوە درێژەی هەیە

21:28 - 11 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: هەوڵی نوێ بۆ تاڵانکردنی ئاسەوارە مێژوویی و فەرهەنگییەکانی کوردستان بە کەرەستەی پێشکەوتووی ئەلیکترۆنی لە کوردستان درێژەی هەیە و ئەوەش شارستانیەتی کوردستانی خستووەتە مەترسییەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، بە دەسپێشخەری و رێنوێنیی کەسانی هەلپەرست و بە هاریکاریی کەسانی نەناسراو کە دەوترێت زۆربەیان لە شارەکانی ئیسفەهان و تاران هاتوونەتە کوردستان، کەرەستەی تایبەتیی دۆزینەوەی ئاسەوارە مێژوویی‌یەکان بۆ تاڵانچییانی ئاسەوارە کەونارایی‌یەکانی کوردستان هەموار دەکرێ.

بەپێی ئەم راپۆرتە، ئەو کەسانە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کەسانی دەوڵەتی و دەستڕۆیشتووی رێژیم، ئاسەوارەکانی مێژوویی و فەرهەنگی کوردستان بە تاڵان دەبەن.

هەتا ئێستا چەندین حاڵەت لە دۆزینەوە و بە تاڵان بردنی ئەو ئاسەوارانە لە شارەکانی نەغەدە، بۆکان، سەقز و کرماشان تۆمار کراوە کە بە رەوتێکی تازە لە تێکدان و بەتاڵان بردنی ئاسەواری فەرهەنگی و کۆنی کوردستان ناودێر کراوە.

تاڵانچییانی ئاسەوارە مێژوویی‌یەکانی کوردستان کەسانی سەربە رێژیمی ئێرانن و بۆ بە تاڵان بردنی ئاسەوارە کۆن و مێژوویی‌یەکان دەست بۆ هەر کارێک دەبەن و زۆربەی لێڕەوار، دارستان و ژینگەی کوردستان بۆ دۆزینەوەی ئاسەواری مێژوویی تێک دەدەن.

هەتا ئیستا چەندین هەواڵ لە پێوندی لەگەڵ بە تاڵان بردنی ئاسەوارە مێژوویی‌یەکان و تێکدانی شوێنەوارە کۆنەکانی کوردستان لە ماڵپەری \'\'کوردستان میدیا\'\' بڵاو کراوەتەوە.