کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە، رێوڕەسمێک لە زانینگەی پەیام نووری مەریوان بەڕێوەچوو

21:38 - 22 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: وەکوو نەریتێکی ساڵانەی خوێندکارانی زانینگەی پەیام نووری مەریوان، رێوڕەسمێک لەو زانینگەیە بەبۆنەی ساڵیادی کارەساتی کیمابارانی هەڵەبجە بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٢ی رەشەمە، لە ساڵۆنی گشتیی رێوڕەسمەکانی زانینگەی پەیام نووری مەریوان رێوڕەسمێکی تایبەت بە ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە بەڕێوەچوو.
رێوڕەسمەکە بە راگرتنی چەند خولەک بێ‌دەنگی دەستی پێکرد و پاشان بەیاننامەی خوێندکارانی زانینگەی پەیام نووری مەریوان بەبۆنەی ٢٦ەمین ساڵیادی کیمیابارانی شاری هەڵەبجە خوێندرایەوە.
لەو رێوڕەسمەدا چەند وتار و بابەت سەبارەت بە کۆمەڵکوژیی نەتەوەی کورد و هەروەها ژینۆسایدی زمانی و فەرهەنگی پێشکەش کران و چەندین سروود لە وەسفی یادی کارەساتی کیمیابارانی شاری هەڵەبجە لەلایەن خوێندکارانەوە خوێندرا.
لەو رێوڕەسمەدا بەو بۆنەوە ٢٦ مۆم هەڵگیرسان و ٢٦ گوڵی سوور لەبەردەم وێنەی عومەر خاوەر دانران.
بەشدارێکی ئەو رێوڕەسمە بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: \'\'ئەو رێوڕەسمە بە بێ‌مۆڵەت و ئیزنی یاسایی کە هەوڵێکی زۆری بۆ دابوو، بەڕێوەچوو و هێزە لیباس شەخسییەکانی رێژیم و حەراسەتی زانینگە بە وێنەگرتن لە خوێندکارانی بەشداری ئەو رێوڕەسمە، لە هەوڵی پەرتەوازەکردن و شێواندنی کۆڕیادەکەیان دەدا، بەڵام خوێندکاران بە بێ گوێدان بەو هەڕەشانە، هەتا کۆتایی رێوڕەسمەکە بەردەوام بوون.
لە ژمارەیەک لە شارەکانی وەکوو تاران، زەنجان، تەورێز، سنه و مەریوان، خوێندکارانی کورد، رێوڕەسمی ساڵیادی کارەساتی هەڵەبجەیان بەڕێوە بردووە.

هەروەکوو لە سەرەتای هەواڵەکەدا ئاماژەی پێ کرا، خوێندکارانی زانینگەی پەیام نووری مەریوان بەبۆنەی ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە بەیاننامەیەکیان بڵاو کردووەتەوە، کە نوسخەیەکی بە کوردستان میدیا گەیشتووە.


دەقی بەیاننامەکە بەم شێوەیە:

بەیاننامەی خوێندکارانی زانکۆی پەیام نووری مەریوان بە بۆنەی ساڵیادی کارەساتی دڵتەزێنی کیمیابارانی هەڵەبجە
لە بیرتان بێت (ئیمە خوێندکاران، دەنگی زیندووی ئەمڕۆی هەڵەبجەی شەهیدین)

بە هاتنی ٢٥ی رەشەمەی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی، دڵی هەزاران کوردی بەهیوا و بێ تاوان لە لێدان کەوت و جەستەی هەزاران کەسی دیکەش بریندار بوو و تاوانی تاوانباران ژیانی لێ شێواندن.
لەم رۆژەدا بوو کە رێژیمی دڕندە و دیکتاتۆری بەعس هێرشی کردە سەر شاری هەڵەبجە و بە کیمیاباران کردنی ئەم شارە ٥ هەزار ژن و پیاو و منداڵ و رۆڵەی کوردی کردە قوربانی دڕندەیی و خوێن‌مژی خۆی و هەزاران کەسی دیکەش بریندار کران. ئەم کارەساتە لە کاتێکدا بوو کە هەزاران کەس لە بچووک هەتا گەورەپیاوان کە بەرەو پیری بەهار دەڕۆشتن، بەڵام دەستی نەگبەتی و نەهامەتی بەعسیانی گۆڕبەگۆڕ ئەم بەهارەی لێکردنە پاییز، پاییزێک کە ٥ هەزار گەڵای کورد وەران کە دژبە نەتەوەی کورد و ویژدانی مرۆڤایەتی بوو کە هیچ پاساوێک نادرێت.
خەڵکی بە شەرەف و ئەمەگناسی کوردستان، کۆمکوژی و قەڵاچۆکردنی هەڵەبجە کارەساتێکی دڵتەزێنە لە مێژووی جیهان و بە تایبەتی لە مێژووی کوردستاندا کە قەت لە بیر و ویژدانی هیچ کوردێکی بە شەرەفدا ون نابێت و گەلی کورد و مێژووی مرۆڤایەتیش لە بکەران و تاوانباران نابوورێت و هەمیشەش دەبێ تف بکەین لە نەیاران و کورد کوژان.
جینۆسایدی هەڵەبجە ئەگەرچی دڵتەزێن بوو ئەوەی بە جیهان و رۆلەکانی ئەمڕۆی سەلماند کە هەرگیز نەتەوەی کورد لە بەرانبەر هیچ زەبر و زۆر و قەڵاچۆکردنێکدا ملکەچی دیکتاتۆرەکان نابێت و بە تەوای لە مەیدان دایە و ئەم کارەساتە ئەوەی سەلماند لە کورد بەو پەڕی بێ دەسەڵاتییەوە بەدواداچووی مافی خۆیەتی و هەتا دەستەبەربوونی مافەکانی خۆی تێدەکۆشێت.
بۆیە ئێمە خوێندکارانی زانکۆ پەیام نووری مەریوان وێڕای سەرەخۆشی لە خەڵکی بە شەرەفی کوردستان و بنەماڵەی شەهیدانی ئەم کارەساتە و رێزگرتن لە هەموو شەهیدان و کەم ئەندامان و کەسانی بەجێماویان، بە ئەرکی مرۆیی و نەتەوەیی خۆمانی دەزانین، هەر لێرەوە داوا لە هەموو سازمان و رێکخراوە جیهانییەکان و کۆمەڵگای مەدەنی دەکەین بکەرانی سەرەکیی ئەم کۆمەڵکوژییە و کەسانی تاوانبار کە پێوەندییان بەم تاوانەوە هەیە، لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا بە سزای خۆیان بگەن.
بۆیە چەند داواکاریمان هەیە بەرانبەر بە جیهانیان و ویژدانی مرۆڤایەتی:

١ ــ سزادانی بکەرانی سەرەکیی ئەم کارەساتە و کەسانی پێوەندیدار بەم تاوانەوە (وەک دەوڵەتانێک کە کاتی خۆی ئەم چەکانەیان بە بەعسیەکان داوە)

٢ ــ قەرەبووکردنەوەی بەجێماوان و کەسانی کەم ئەندام

٣ ــ پاک کردنەوەی ژینگەی کوردستان لە مادە کیمیاوییەکان

٤ ــ بەدواداچوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لایەنی نێودەوڵەتییەوە بۆ سزادانی تاوانباران

٥ ــ دڵپاکی و دڵ ئاوەڵایی کۆمەڵگای جیهانی بۆ پێشگرتن لە هەر چەشنە کارەساتێکی لەو بابەتە

٦ ــ بە ئاگابوونی نەتەوەی کورد بۆ رێزگرتن لەم رۆژە و هەوڵدان بۆ کۆدەنگیی زیاتر
٢٢/١٢/١٣٩٢ی هەتاوی