کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی هەڵبژاردنەکانی عێراق/ دیداری چوار شاندی حیزبی دێموکرات لەگەڵ چوار لایەنی سیاسیی هەرێمی کوردستان

23:45 - 4 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: حیزبی دێموکرات بەبۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکان، سەردانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی کرد.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی \'\'محەممەد نەزیف قادری\'\' ئەندامی دەفتەری سیاسی، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٤ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، سەردانی مەڵبەندی ١٤ی رێکخستنی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستانیان لە شاری کۆیە کرد و لەلایەن شاندێکیانەوە بە سەرپەرستیی \'\'رەهبەر سەید ئیبراهیم\'\' بەرپرسی مەڵبەند پێشوازیی لێ کرا.

8565.jpg


لەو دیدارە محەممەد نەزیف قادری پیرۆزبایی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشکەش بە شاندی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان کرد و هیوای سەربەرزی و سەرکەوتنی بۆ خواستن.

8561.jpg


لە لایەکی دیکەشەوە شاندێکی دیکەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی \'\'کاوە جەوانمەرد\'\' ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی، هەر لە هەمان رۆژدا سەردانی لیژنە ناوچەی پارتی دێموکراتی کوردستانی لە شاری کۆیە کرد و لەلایەن شاندێکی ئەو پارتەوە بە سەرپەرستیی \'\'شیخ کەریم\'\' بەرپرسی لێژنەی کۆیە، پێشوازیی لێ کرا.

8562.jpg


لەو پێوەندییەدا پاشنیوەرۆی هەمان رۆژ، شاندێکی دیکەی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرستیی \'\'عومەر غوڵامعەلی\'\' ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب سەردانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ــ لقی کۆیەی کرد و لەلایەن شاندیکی یەکگرتووەوە بە سەرپەرستیی \'\'کاوە محەممەد\'\'بەرپرسی لقی کۆیە، پێشوازیی لێ کرا.

8563.jpg


لە هەمان کاتدا شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی \'\'شاهۆ فەرازمەند\'\' ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی، سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان مەکۆی شاری کۆیەی کرد و لەلایەن شاندێکی ئەو بزووتنەیەوە بە سەرپەرستیی \'\'مامۆستا بەختیار\'\' بەرپرسی مەکۆی کۆیە پێشوازیی لێ کرا.

لەو چاوپێکەوتنانەدا شاندەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکان، یەکڕیزی و هاوهەڵوێستیی حیزب و لایەنە کوردییەکانیان لە بەغداد و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زامنی سەرکەوتن و دابینبوونی مافەکانی گەلی کورد زانی.

لەو دیدارانەدا تێکڕای لایەنەکان، هەڵوێستی نەتەوەیی ــ دێموکراتیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە راستای بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەی کورد بەرز نرخاند.