کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی رووداوەکان لە پارێزگای ئورمیە و رچاونەکردنی پێوەری ئیمەنی لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە

15:18 - 15 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: رووداوە سروشتی و ناسروشتییەکان لە پارێزگای ئورمیە لە ماوەی ئەمساڵدا بەرز بوونەتەوە، بەڵام هیچ هەوڵێک لەلایەن بەرپرسانی رێژیمەوە بۆ پێشگرتن یا دابەزینی ئاستی زیانەکان کە بەهۆی رووداوەکان دێتە ئاراوە، ئەنجام نادرێت.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان و بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ماوەی ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٨١٩ حاڵەت رووداو لە پارێزگای ئورمیە رووی داوە کە رێژەی ئەو رووداوانە نیسبەت بە ٦ مانگی سەرەتای ساڵی رابردوو لەسەدا ١٣،٦ بەرز بووەتەوە.

لەماوەی ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٦٨ حاڵەت رووداوی سروشتی و لەوان ١٨ حاڵەت بەفر و رنوو، ٢٥ حاڵەت لافاو، ٢٣ حاڵەت رووداوی ناو دەریا و ٢ حاڵەت هەورەتریشقە لە پارێزگای ئورمیە رووی داوە.

بەرزبوونەوەی رووداوە سروشتییەکان لە پارێزگای ئورمیە لە حاڵێکدایە کە ٢ هەزار و ٣٣١ گوندی ئەو پارێزگایە مەترسیی رووداوە سروشتییەکان و لافاویان لەسەرە.

لەو نێوانەدا ٧٦٠ گوندی ئەو پارێزگایە کە مەترسی بوومەلەرزەیان لەسەرە، بەڵام هیچ هەوڵێک لەلایەن بنکە پێوەندیدارەکانی رێژیمی ئێرانەوە بۆ دابین‌کردنی پێوەری ئیمەنیی ئەو گوندانە ئەنجام نەدراوە.

هەروەها لە ٥٧١ گوندی ئەو پارێزگایە کە مەترسیی جیدیی لافاویان لەسەرە تەنیا ٨٠ گوند پارێزراون.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە لە ماوەی ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٤٥٨ حاڵەت رووداوی هاتوچۆ لەو پارێزگایە رووی داوە.