کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی رێژەی مەرگ بە هۆی بەکارهێنانی ماددە سڕکەرکان لە ٥ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا

15:36 - 10 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: لە ماوەی پێنج مانگی سەرەتای ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، یەک هەزار و ١٨٨ کەس بە هۆی بەکارهێنانی ماددە سڕکەرەکان گیانی خۆیان لە دەست داوە، کە ئەم ئامارە نیشاندەری بەرز بوونەوەی رێژەی مردن لە سەدا ٣٦ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوودایە.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان و بە قسەی حەمید سەرامی بەرپرسی رێژیم، لە ساڵی ١٣٧٣ تا سەرەتای ئەمساڵ، ٤٧ هەزار و ٢٧٧ کەس بە هۆی بەکارهێنانی ماددەسڕکەرەکان گیانیان لە دەست داوە، کە ئەمە نیشان دەدات رۆژانە حەوت کەس بە هۆی بەکارهێنانی ماددە سڕکەرەکان گیانیان لەدەست دەدەن.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی رێژیمی ئێران، ٥/٥ ملوێن کەس لە ئێران بە شێوەی راستەوخۆ سەروکاریان لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان هەیە.

ئامارە فەرمییەکانی رێژیمی ئێران نیشان دەدەن کە مانگانە نزیک بە ٢٤٠ هاووڵاتی بە هۆی بەکارهێنانی ماددە سڕکەرەکان گیانیان لە دەست دەدەن.

بە پێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا زۆربەی لاوان روویان کردووەتە مادەسڕکەرە سەنعەتییەکان و رێژیمی ئێران لە بەرامبەردا هیچ هەوڵێکی لە پێش نەگرتووە.

ئامارەکان نیشاندەری ئەوەن کە لە سەدا ٢١ی تووشبوان بە ماددەسڕکەرەکان لە ئێران بڕوانامەی کارناسی باڵایان هەیە.

بێکاری یەکێک لە سەرەکیترین هۆی زیاد بوونی تووشبوون بە ماددەسڕکەڕەکان لە ئێراندایە.