کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرهەمە سەرکەوتووەکانی فستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی شاری مەریوان دیاریکران

15:12 - 1 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: فستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقامی مەریوان پاش ٥ رۆژ چالاکیی بەردەوام بە ناساندنی سەرکەوتووەکان کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شاری مەریوان و دوو شارۆچکەی کانی دینار و بەردەڕەش و سێ گوندی سەر بە ئەو شارە، لە رێکەوتی ٢٦ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی هەتا ٣٠ی رەزبەر بۆ ماوەی پێنج رۆژ خانەخوێی یەکێک لە گەورەترین فستیڤاڵەکانی شانۆی سەرشەقام بوون.

دەریاچەی زرێوار، ژمارەیەک لە قۆتابخانەکانی ناو شاری مەریوان، ناو زانکۆی پەیام نوور و زانکۆی ئازاد، پادگانی عیبادەت، ناو زیندان، شارۆچکەی کانی دینار، گوندی بەردەڕەش و گوندی یەنگیجە و ولەژێر ئەو شوێنانەن کە شانۆکانی ئەم فسیڤاڵەیان تێدا بەڕێوەچوو. 

پارێزگاکانی تاران بە ٦٢ بەرهەم، سنە بە ٤٧ بەرهەم، خوزستان و ئەلبورز هەر کامیان بە ١٦ بەرهەم زۆرترین ئاماری بەرهەمە ناردراوەکانی ئەم  فێستیڤاڵەیان بۆ خۆیان تەرخان کردووە.

رێوڕەسمی کردنەوەی نۆیەمین فستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقامی مەریوان،کاتژمێر ١٠ی سەرلە بەیانی بە حەرەکەتی هونەرمەندان لە گۆرەپانی ئیمام شافعی بەرەو پارکی شانۆ دەستی پێکرد ە لەسەر رەنگی شین وەکوو سەمبوڵی ئەم فستیڤاڵە پەردە لابرا.

 رۆژی یەکەمی فێسیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان بە ٢٢ شانۆ لە ناو شاری مەریوان کۆتایی پێهات.
دووهەمین، سێیەمین و چوارمین رۆژی فستیڤاڵەکە بە بەڕێوەچوونی شانۆی زۆربەی گرووپە بەشدارەکان لە ناو شاری مەریوان و گوندەکانی دەورووبەر و هەروەها لە هێندێک لە قۆتابخانەکان کۆتایی پێهات.

راپۆرتە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم فستیڤاڵە بە پێشکەش کردنی خەڵات بە بەرهەمە سەرکەوتووەکان، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٣٠ی رەزبەر کۆتایی بەکارەکانی هێنا.
لێژنەی داوەران (رەزا حامیدی، حەمیدرەزا نەعیمی و خوسرەو سیناكار) خەڵاتی داڕشتنی گەڵاڵە و بیرۆكەیان بە عەزیز زادسەر لە مەریوان (شانۆی تابووتێك لەتاوان) بەخشی.

خەڵاتی تایبەتیی لێژنەی داوەرانیش بەهۆی کەڵک وەرگرتن لە ئایینەکان و هاوئاهەنگی ناوەڕۆکی شانۆی پرسەی سوور بە دەرهێنەر موجتەبا مورادی لە كرماشان پێشکەش كرا.

لە بەشی مۆسیقا، رازاندنەوەی سێن، رازاندنەوەی جلوبەرگی فستیڤاڵەکە، لێژنەی داوەران گرووپی شانۆکانی فەریاد لە وەرامین تابووتێک لە تاوان لە مەریوان زاتی مرۆڤ لە سرۆشت لە مەریوان لوحی رێزلێنان و خەڵاتی نەختییان پێبەخشرا.

بەپێی ئەم راپۆرتە،دەنگی لێژنەی داوەران لە بەشی داب و نەریتدا لە فەزاسازی و رازاندنەوەی جلوبەرگ لە شانۆی دار و با لە سەقزەوە وەکوو بەرهەمی سەرکەوتووی ئەم بەشە هەڵبژارد.

لەلایەكی دیكەوە ساناز درەخشانی بە هۆی رۆڵ گێڕانی لەشانۆی زاتی مرۆڤ لە سروشتدا وەكوو باشترین ئەكتەری منداڵ خەڵاتی پێبەخشرا.

مەرجان قاسمی لە دێهلۆڕانەوە وەکوو ئەکتەری ژن توانی خەڵاتی داوەران بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

راپۆرتە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە عەزیز زادسەر لە مەریوان وەکوو دووهەمین دەرهێنەری سەرکەوتووی فستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان هەڵبژێردرا.

خەڵاتی تایبەتیی لێژنەی داوەرانی فستیڤاڵەکە بەهۆی پێشکەش کردنی شانۆی رێکوپێک و هائاهەنگی ناوەندانە پێشکەشی ئانتی گوونە لە بۆکان کراوە.

لە بەشی کۆتایی فستیڤاڵەکەدا قاپێک خورما لە دێهلۆڕانەوە بە دەرهێنەریی سەعید خەیرۆڵڵاهی بەدەنگی بەشداربوان وەکوو بەرهەمی سەرکەوتوو هەڵبژێردرا.