کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسی تەشكیلاتی حیزبی دێمۆكرات لەدەرەوەی وڵات لەگەڵ لقی پارتی و نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لەواشینگتۆن كۆبۆوە

16:57 - 31 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: مەنسوور عەزیزی بەرپرسی تەشكیلاتی دەرەوەی وڵات لەسەر بانگهێشتی لقی حەوتی پارتی دێمۆكراتی كوردستان لە واشینگتۆن سەردانی بنكەی سەرەكیی ئەو پارتەی كرد.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، مەنسوور عەزیزی لەلایەن حیكمەت بامەڕنی لێپرسراوی لقی حەوتی پارتی دێمۆكرات لەئەمریكا و كانادا، پێشوازیی لێكرا.
لەو سەردانەدا هەر دوو لایەن كۆمەڵێك باسی تایبەت بە هاوكاریی زیاتری رێكخستنەكانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران و پارتی دێمۆكراتی كورستانیان لەئەمریكا و كانادا تاوتوێ كرد و هاوكات باروودۆخی ئێستای كوردیان لەناوچەكەدا هێنایە بەر باس.

باسێكی دیكەی دوو لایەن تایبەت بوو بە دۆزی كورد لەسوریە و دۆزی ئەمڕۆی كورد لە پارچەكانی‌تری كوردستان و هەروەها پڕژاونەتە سەر هەڵبژاردنەكانی ئەو دواییانەی سەركۆماری لە ئێران.

لەلایەكی دیكەوە مەنسوور عەزیزی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێمۆكراتی كوردستان سەردانی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لە واشینگتۆن كرد و لە لایەن دەسكۆ شێروانی ئەندامی تیمی نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمریكا پێشوازی لێكرا.

لەو دیدارەدا دوو لایەن سەبارەت بە ئاڵوگۆڕەكانی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەراست بە گشتیی و هەلوومەرجی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی كورد ئالوگۆڕی بیروڕایان كرد.

لە تەوەرەیەكی دیكەدا، عەزیزی پرژایە سەر سیاسەتەكانی حیزبی دێمۆكرات و وەزعی ئێران پاش هاتنی رۆحانی و پێی وابوو كە ناوبراو ناتوانێ ئاڵوگۆرێك بە قازانجی ئازادی و دێمۆكراسی لەو وڵاتەدا پێكبێنێت.