کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە کۆنگرەی حیزبی سوسیال دێموکراتی سوێد، بەشداریی کرد

17:37 - 11 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: حەمید تەیمووری بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوێد، لە کۆنگرەی پارتی سوسیال دێموکراتدا بەشداریی کرد و دوایین ئاڵوگۆڕی کوردستان و ناوچەکەی لەو کۆنگرەیەدا بۆ بەشداران شی کردەوە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوێد لەسەر بانگهێشتی فەرمیی پارتی سوسیال دێموکرات، رۆژی شەممە رێکەوتی ٩ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە کۆنگرەی ئەو پارتەدا بەشداریی کرد.

سەرەتای کردنەوەی کۆنگرەکە بە وتەکانی سەرۆک وەزیران ستێفان ڵۆێڤن دەستی بە کارەکانی کرد.

ڵۆێڤن سەرەڕای هە‌لومەرجی سوێد و هەڵبژاردنەکانی پارتی سوسیال دێموکرات و کێشەی نێوخۆیی ئەو وڵاتە، باسی هەلومەرجی نێونەتەوەیی کرد و ئەو کێشانەی کە ئێستا خەریکە دەبنە قەیران بۆ ئاسایشی نێونەتەوەیی، وەک قەیرانی ئابووری کە هەموو جیهانی گرتووەتەوە و هەڵاوسانی ئابووری، دابەزینی نرخی نەوت و کێشەی بانکی نێونەتەوەیی و بانکە ناوەندییەکان، باسێکی پێشکەش کرد.

ستێفان ڵۆێڤن لە درێژەی باسکەیدا وتی: جیهان لە ئاڵوگۆڕ دایە، پرسی کلیمات یان ژینگە، چارەسەریی شەڕەکان و هەروەها ئاوارەبوونی میلیۆنان خەڵک لە جیهاندا، کێشەی بێکاریی خەڵک کە خۆیان ئاوراە دەکەن بۆ ژیانی رۆژانەیان و لەو رێگایەدا لە نێو دەچن، کێشەی ژنان و قەیرانی چینایەتی و کێشەی هەژاری و دەوڵەمەندی و جیاوازیی نێوان هەژاران و دەوڵەمەندان و پرسی راسیزم و رەگەزپەرەستی لە جیهاندا، دەبێ وڵاتانی جیهان بیری لێ بکەنەوە و هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە هەڵگرن.

ڵۆێڤن باسی سپای نیزامی وڵاتی سوێدی کرد کە بە یارمەتیی خۆیان ئاسایش لە جیهاندا دەپارێزن.

ناوبراو، باسی ئەو هاوپێوەندییەی کرد کە سوێد یارمەتیی پەنابەران دەکات و لێرەدا کار و ژیانیان دابین و کێشەی خوێندن بۆ پەنابەران چارەسەر دەکا و داواشی کرد کە لەو بوارەدا، پارتی سوسیال دێموکرات دەبێ کاراتر بێت.

پاشان دوکتور نابیل شات کە لەم کۆنگرەیەدا بەرپرسیارەتیی هەیئەتی فەلەستینی دەکرد. وتارێکی پێشکەش کرد.

دواتر سەرۆک وەزیرانی پێشووی نوروێژ باسێکی پێشکەش کرد.

لەو کۆنگرەیەدا زۆربەی باسەکان بە پرسی نێوخۆیی سوێد تەرخان کرابوون.
لە بەشێکی ئەو کۆنگرەیەدا سێمینارێکی نێونەتەوەیی لەلایەن ئاندرینە وینتر و مۆرتن لوێفبەرگی بەڕێوە چوو و لەو سێمینارەدا چەند باسێکیان پێشکەش کرد.

وەزیری دەرەوەی سوێد مارگارێتا والسترێۆم باسێکی لەسەر ئاسایش و کێشەکانی جیهان پێشکەش کرد و لە قسەکانیدا باسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی داعش لە وڵاتانی ناوچەکە وەک سووریە، عێراق و کوردستان و وڵاتانی عەرەبی و چەکی ئەتۆمی کە هەندێک وڵات وەک رێژیمی ئێران کە دەیانهەوی بە دەستی بێنن، کرد.

ناوبراو باسی ئەوەی کرد کە ئەم کێشانە دەبێ لە رێگای دیپلۆماسی و بە تێکۆشانی هەموو وڵاتان چارەسەر بکرێ و ئێمەش وەک سوێد لە هەموو بوارێکدا ئامادەی هاوکارین و باسی لەوە کرد کە وڵاتی سوێد یارمەتی هەرێمی کوردستان و عێراقی داوە و کە ناردنی ١٢٠ هەزار کەس شارەزای بواری سەربازی بۆ هەرێمی کوردستان جێگای دلخۆشی ئێمەیە.

لەسەر پرسی پەنابەری سەعدی ئەحمەدپیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان باسی لەوە کرد کە نزیکەی دوو میلیۆن خەڵک لە سەرانسەری عێراق، ئاوارەی کوردستان بوون.

لەم سێمینارەدا چەندین حیزب و لایەن، کەسایەتی و وڵاتانی وەک: نوێنەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەیئەتی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان بە سەرپەرەستی سەعدی ئەحمەد پیرە، هەیئەتی فەلەستن بە سەرپەرەستیی دوکتور نەبیل شات، هەیئەتێک لە باشووری ئافریقا، هەیئەتی دەوڵەتی نامیبیا، فیلیپین، چین، ئاڵمان، نوروێژ، هەیئەتی سۆمالی و کۆمەڵێک لە وڵاتانی دیکە بەشدار بوون.

نوێنەری پێوەندییەکانی حدکا لەو کۆنگرەیەدا لەگەڵ کۆمەڵێک وەزیر و پارلمانتار و پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی سوسیال دێموکرات و سەنتری ئۆڵۆف پاڵمە و کۆمەڵیک لەو هەیئەتانە چاوپێکەوتنی ئەنجام دا.

تەیمووری لەگەڵ سەرۆک وەزیران ستێفان ڵۆێڤن، وەزیری دارایی سوێد، وەزیری بەرگریی سوێد بیۆرن ڤۆن سیدوو، ئەردەڵان شەکەرابی وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی و سەرکان پارلمانتاری کورد لە پارلمانی سوێد چاوپێکەوتنی کرد.

حەمید تەیمووری هەروەها لەگەڵ هەیئەتی فەلەستین و دوکتور نەبیل ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد و ناوبراو وتی ئەوان پێوەندییەکی کۆنیان لەگەڵ حدکادا هەیە و هەروها لە درێژەی ئەو چاوپێکەوتنانەدا، لەگەڵ هەیئەتی فیلیپین، نامیبیا و ئافریقای باشور و سۆمالی و چێنی وهەیئەتی نۆروێژ دیداری پێک هێنا.

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان بە فەرمی بانگهیشتی ئەم کۆنگرەیە کرابوون.