کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرەیەکی یەکگرتوو لە ١٠ وڵات بۆ لەناوبردنی داعش پێک دێت

21:52 - 15 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: وڵاتانی ئاڵمان، بریتانیا، فەڕانسە، ئێتالیا، لەهێستان، ئوسترالیا، دانمارک، کانادا و تورکیە بۆ لەناوبردنی داعش و پەنا نەبردن بە هیزی وشکانی بۆ ئەو مەبەستە، لەگەڵ ئامریکا بەرەیەکیان پێکهێنا.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە جیهانییەکان، چاک هگل و جان کێری لەسەر گونجاوبوونی کات بۆ لەناوبردنی داعش و پێویستیی لەدەست‌نەدانی ئەم کاتە پێداگرییان کردووە.

جان کێری، وەزیری دەرەوەی ئامریکا لەو بارەیەوە رایگەیاند: وردەکاریی بەشداربوونی هەر کام لەو وڵاتانە لەلایەن نوێنەرانی ئەو وڵاتانەوە هەتا پێش بەرێوەچونی کۆڕی گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رادەگەیندرێت.

هەر لەو پێوەندییەدا وەزیری دەرەوەی ئاڵمان خوازیاری هەڵوێست‌گرتنی وڵاتانی دراوسێی عەرەبی عێراق، لە دژی داعش بووە.

هەروەها ماری هارف، وتەبێژی دەرەوەی وەزارەتی کاروباری ئامریکا، رۆژی هەینی رێکەوتی ١٤ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی رایگەیاند: لە شەڕ بە دژی داعش هیچ هاوکارییەکمان لەگەل رێژیمی ئێران نەکردووە، تەنانەت لە بواری زانیارییەکانیشدا هاوکاریمان نەبووە و هیچ نییەتێکیشمان لەو بوارەدا نییە.

وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئامریکا لەو بارەیەوە رایگەیاند: ئێمە هیچ هەنگاوێکمان بە هاوکاری رێژیمی ئێران لە دژی داعش هەڵنەگرتووە و لەداهاتووشدا هیچ هاوکارییەکمان لەگەڵ ئەو رێژیمە نابێت.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە رێبەری رێژیمی ئێران لە لێپرسراوە نیزامییەکانی ئەم وڵاتە داوای کردووە کە دانیشتنێک لەگەل لێپرسراوە نێزامییەکانی ئامریکا پێک بێنن.