کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندێکی حیزبی دێموکرات لە رێوڕەسمی بەخاک سپاردنی رەزا مەرزبان

13:37 - 29 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە رێوڕەسمی بە خاک سپاردنی رەزا مەرزبان، رۆژنامەنووسی ناوداری ئێران لە گۆڕستانی پێرلاشێزی فەڕانسە بەشداریی کرد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٨ی بەفرانباری ١٣٨٩٢ی هەتاوی، شاندێکی پایەبەرزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی \'\'حەسەن شەرەفی\'\' جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە رێوڕەسمی بە خاک سپاردنی \'\'رەزا مەرزبان\'\' رۆژنامەنووسی بە ناوبانگی ئێرانی لە گۆڕستانی \'\'پێرلاشێز\'\'ی پاریس لە وڵاتی فەڕانسە بەشداریی کرد.
لەو رێوڕەسمەدا شاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە دانانی چەپکە گوڵێک، رێزی لە هەڵوێستی ئەو رۆژنامەنووسە ئێرانییە لەمەڕ پاڵپشتییەکانی لە دۆخی رەوای نەتەوەی کورد کرد.
مەرزبانی ساڵی ١٣٠٧ی هەتاوی لە شاری مەشهەد لە دایک بووە و لە بواری نووسین و شێعرەوە، یەکێک لە کەسانی ناودار و هاوبیری \'\'مێهدی ئەخەوان سالس و دوکتور شەفیع کەدکەنی\'\' بووە.
ناوبراو یەکێک لە یەکەمین رۆژنامەنووسە ناودارەکانی ئێرانی بوو کە پێشینەیەکی دوور و درێژی لە بواری راگەیاندن لە ئێرانی پێش شۆڕشی گەلانی ئێران و هەروەها پاش رووخانی رێژیمی پاشایەتی هەبوو و لە دەورانی رێژیمی پاشایەتیدا لە رۆژنامەکان و دامودەزگای ئەو کاتی راگەیاندنی ئێران، دەنگی ناڕەزایەتیی لە بارودۆخی سیاسی و گوشار بۆسەر رۆژنامەنووسان دەربڕیوە.
رەزا مەرزبان بەهۆی رەخنە لە سنوودارکردنی ئازادی بەگشتی و ئازادیی رادەربڕین بەتایبەتی لە ئێرانی ئەو کاتدا و هەروەها سیاسەتەکانی رێژیمی پەهلەوی دەسبەسەر و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە و دواتر پاش شۆڕشی گەلانی ئێران بەهۆی گوشارەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆسەر نووسەران و رۆژنامەنووسانی رەخنەگر، بەناچار ئێرانی بەجێ هێشتووە.
مەرزبان یەکێک لە پشتیوانان و لایەنگرانی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورد و یەکێک لە دۆستانی نزیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو.