کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشێک لە دارستان و لەوەڕگەکانی جوانڕۆ لە ئاگردا سووتان

15:52 - 3 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: دارستان و لەوەڕگەکانی دەوروبەری گوندەکانی دێ سوور و گەناو سەربە شارستانی جوانڕۆ و هەروەها ملەی قەرەچدایان لە بانە ئاگریان تێبەر درا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەکانی دەروبەری گوندەکانی دێ سوور و گەناوی سەربە شارستانی جوانڕۆ، خەساری بەرچاوی ژینگەیی بە سروشتی کوردستان گەیاند.

بە وتەی سەرچاوەکان ئەم ئاگرکەوتنەوە بەهۆی هەورە تریشقە رووی داوە و هەروەها بەهۆی هاتنی با پاش چەند رۆژ هەوڵی بێ وچانی هاووڵاتییانی ناوچەکە و ئەنجومەنە ژینگەپارێزییەکان، توانییان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.

لەلایەکی دیکەوە، حەفتەی رابردوو بەشێک لە دارستان و لەوەڕگەکانی ملەی قەرەچدایان سەربە شارستانی بانە، ئاگریان تێبەر درا و پاشان بە هاریکاریی ئەنجومەنە ژینگەپارێزییەکان توانییان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم ئاگرکەوتنەوانە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە هاتووەتە ئاراوە و هەروها خەسارێکی بەرچاوی ژینگەیی بە سروشتی کوردستان گەیاندووە.

لەم پێوەندییەدا بەشێکی زۆر لە دارستان و لەوەڕگەکانی ئابداڵان ی سەربە شارستانی سیروان لە پارێزگای ئیلام بە بێ هیچ هۆکارێکی دیاریکراو لە ئاگردا سووتان.

بەپێێ ئەم راپۆرتە، بەهۆی ئەم ئاگرکەوتنەوانە، ٣ هێکتار لە دارستانەکانی ئابداڵان لە ئاگردا سووتان.

9216.jpg
ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەکانی تفڵی

هەروەها لە گوندی تفڵی سەربە شارستانی سەوڵاوا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١ی خەرمانان، دارستان و لەوەڕگەکانی زاڵ بەسەر ئەو گوندە لە ئاگردا سووتان و خەساری بەرچاوی ژینگەیی بە سروشتی کوردستان گەیاند.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری ئەو ئاگرکەوتنەوانە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

لەم پێوەندییەدا بەشێک لە کوێستانەکانی شاهۆ لە نزیکی شارستانی کامیاران لەلایەن کەس، یان کەسانێکی نەناسراوەوە و بە وتەی دانیشتوانی ناوچەکە لەلایەن دەست‌وپێوەندییەکانی رێژیمەوە و بە بێ هیچ هۆکاری دیاریکراو سووتێنراوە.