کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەندکراوێکی سیاسیی بەلووچ بەهۆی ئەشکەنجەی هێزە ئیتلاعاتییەکان گیانی لە دەست دا

00:01 - 13 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: ئەشکەنجەی هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە زیندانی زاهیدان، گیان لەدەستدانی زیندانییەکی سیاسیی بەلووچی لێکەوتەوە.

ماڵپەڕی چالاکانی مافی مرۆڤ و دێموکراسی لە ئێران بڵاوی کردەوە، حەمزە نارۆیی، زیندانیی سیاسیی بەلووچ رۆژی چوارشەممەی حەفتەی رابردوو رێکەوتی ٤ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، بەهۆی ئەشکەنجەی هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران گیانی لە دەست دا.

ئەو زیندانییە سیاسییە لە کاتی سەردانی تیمێکی بەرپرسانی دەزگای قەزایی رێژیمی ئێران، لەهەمبەر دەربرێنی ناڕەزایەتی بە دۆخی نالەباری خۆی لە زیندان لەلایەن جێگری سەردۆزگەریی پارێزگای سیستان و بەلووچستان حوکمی ئەشکەنجەی بۆ بڕاوەتەوە.

حەمزە نارۆیی زیندانی سیاسیی تەمەن ٢٣ ساڵەی بەلووچ، حەوت مانگ پێش ئێستا لە شاری زاهیدان دەسبەسەر و نزیک بە چوار مانگیش لە ژوورە تاکەکسییەکانی زیندانی ناوەندیی زاهیدان راگیراوە و چەندین جاریش لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە تووشی ئەشکەنجە و ئازار بووەتەوە.

لەو پێوەندییەدا برایەکی حەمزە نارۆیی، بە ناوی عەلی نارۆیی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیم ئیسلامیی ئێرانەوە کوژرابوو.