کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهمەن قوبادی: کوردستان بۆ من بەهەشتی سەر زەوییە

16:55 - 10 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: بەهمەن قوبادی سینەماکاری بەناوبانگی کورد لە پرێس کۆنفڕانسی فێستیڤاڵی فیلمی مۆنیخ بۆ ڕۆژنامووسانی ئەڵمانی ڕایگەیاند کە کوردستان بۆ من بەهەشتی سەر زەوییە.

بەهمەن قوبادی بۆ ڕۆژنامووسانی ئامادەبوو لە فێستیڤاڵی فیلمی مۆنیخ لە ئەڵمانیا گوتی: کوردستان بۆ من بەهەشتی سەر رووی زەوییە و جوانترین سرووشت و شاخ لە کوردستان بوونی هەیە، بەڵام بە هۆی مین ناتوانین پێی بەسەردابنێن.

ڕێوڕەسمی ڕێزلێنانی بەهمەن قوبادی بە هۆی تەمەنێک چالاکی بەردەوامی هونەریی، بە نمایشی بەرهەمە سینەمایی و دیکۆمێنتارییەکانی ئەم سینەماکارە کوردە لە سی و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی مۆنیخ (Munich) لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوە چوو.

دوای نمایشکردنی ئەم فیلمانە، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس و بینەر بەڕێوە چوو کە لە دەسپێکی ئەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا بێرنارد کارڵ (Bernhard Karl) پێشکەشکاریی ئەم بەرنامەیە ڕووی لەم سینەماکارە کوردە کرد و گوتی: من زیاتر لە چوار ساڵە کە هەوڵدەدەم کە بەڕێزتان بۆ فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی مۆنیخ بانگهێشت بکەم و ئەمڕۆ وەکوو خەونێکە بۆ من کە جەنابتان لێرە ئامادەی.

ئەم سینەماکارە کوردە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە چوار بەشبوونی کوردستان کرد و گوتی: هەر بەشی کوردستان هیوایەکی بچووکیان هەیە کە ئێستاکە جووڵەیەکی سینەمایی بکەن و بە جیهانی نیشان بدەین کە باروودۆخی کورد بە چیدا تێپەڕ دەبێت.

بیردەکەمەوە سینەمای کوردیی وەکوو پێشمەرگەیەک وایە کە دەبێت لە ڕێگای فیلمەکانەوە پەیوەندیی لەگەڵ ئێوەدا بگرین. بۆ یەک شت، بۆ وڵاتێک لە عێراق لە ناوی کوردستان. قوبادی هەروەها باسی لەوە کرد کە پێش ساڵی ٢٠١٨ وڵاتێک بە ناوی کوردستان دروستکرێت، ئەمە کەس ناتوانێت ڕێگریی لێ بکات، ئەگەر کورد هەموو پشتگریی لە یەکتریی بکەن. ئەو هێزەی جاران پێمان وابوو کورد نییەتی ئێستاکە بوونی هەیە.

میهرەبانترین کوردانێک کە لە ژیانمدا ناسیبێتم کوردانی کوردستانی باشوور بوونە.

قوبادی لە وڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانێکدا ڕوو لە بەهمەن قوبادی کە ئایا گووتبووی ئەڵمان بەهەشتی کوردستانە، لە وڵامدا گوتی: من هەرگیز شتێکی واهام نەگووتووە، دەتوانم بڵێم کوردستان بۆ من بەهەشتی سەر رووی زەوییە. جوانترین سرووشت و شاخ لە کوردستان بوونی هەیە.

بەڵام کێشەمان ئەوەیە کە ناتوانین تا ئێستاش بە هۆی مین بە شاخەکاندا پیاسە بکەین، لە کاتێکدا ئێوە دەتوانن. ئەمەش دیاریی وڵاتانی وەکوو ئەمەریکا و ئەڵمانیایە کە ناردوویانە بۆ کوردستان.

بەهمەن قوبادی لە کۆتایی ئەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا گوتی: کوردستان تاکوو لەسەر مەسەلەی هونەر و فەرهەنگ بەهێز نەبێت، ناتوانێت قەت وڵاتێکی بەهێز دروست بکات.

ڕێوڕەسمی ڕێزلێنانی بەهمەن قوبادی بە هۆی تەمەنێک چالاکی بەردەوامی هونەریی، بە نمایشی بەرهەمە سینەمایی و دیکۆمێنتارییەکانی ئەم سینەماکارە کوردە لەوانە: کاتێک بۆ مەستی ئەسپەکان، کیسەڵەکانیش دەتوانن بفڕن، نێوە مانگ، کەس ئاگای لە پشیلە ئێرانییەکان نییە!، وەرزی کەرگەدەن، دەف، ئاڵای بێ وڵات و هەندێک جار چاو لە سەرێ بکە لە سی و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی مۆنیخ لە وڵاتی ئەڵمان بەڕێوە چوو.