کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی گەمارۆ ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان، خوێندکاران ئێرانی لە نوروێژ دەردەکرێن

17:11 - 5 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: پۆلیسی نوروێژ و دەزگای هەواڵگریی ئەو وڵاتە، خوێندکارە ئێرانییەکان بەتۆمەتی یارمەتیدانی بەرنامەی ناوکیی ئێران لەو وڵاتە دەردەکات.

تۆڕی هەواڵی بی‌بی‌سی بڵاوی کردەوە، دەوڵەتی نوروێژ خوێندکارانی ئێرانیی زانینگەکانی وڵاتەکەی بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی ویزای نیشتەجێبوونیان لە ئاکامی گەمارۆ نیودەوڵەتییان لەو وڵاتە دەر دەکات.

گەمارۆ ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان، هەڵوەشاندنەوەی ویزای خوێندکارانی کارناسیی باڵای زانینگەی فەننی نوروێژی لێ کەوتووەتەوە و بڕیارە لە داهاتویەکی نزیکەدا ئەو خوێندکارانە دەربکرێن و بگڕێندرێنەوە ئێران.

خوێندکارە ئێرانییەکانی زانینگەکانی نوروێژ بە نامەیەک کە لەلایەن ئیدارەی کۆچبەرانی ئەو وڵاتەوە بۆیان نێردراوە لەو بڕیارە ئاگادار کراونەتەوە و پێیان راگەیەنراوە کە دەبێ نوروێژ بە جێ بێڵن.

لەو نامەیەدا هاتووە کە دەزگا هەواڵگریی نوروێژ و پۆلیس فەرمانیان دەرکردووە کە لێکۆڵینەوە و درێژەی خوێندنی خوێندکارانی ئێرانی لەو زانینگەیە، دەتوانێ لە ناردنی تەکنۆلۆژیی هەستیار کە بەرنامەی ناوکیی ئێران بەهێز بکات، یارمەتیدەر بێت.

پێشتریش لەسەرەتای ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، ٦٤ خوێندکاری ئێرانی بەهۆی خوێندن لە رشتەکانی وەکوو فیزیکی ناوکی، ئەلێکترۆنیک، مێتالۆژی و میکانیک بەهۆی ئەوەی کە دەلوا لە بەرەو پێش بردنی بەرنامەی ناوکیی ئێران یارمەتیدەر بن، لە خوێندن لە زانینگەکانی نوروێژ دەرکرابوون.

پۆلیسی نوروێژ تاوانی ئەو خوێندکارانەی هەوڵدان بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیاری لەمەڕ پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ لە راستای بەرەوپێش بردنی بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئێران راگەیاندبوو.