کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێز مستەفا هیجری لەپەیامێكدا سەرەخۆشی لەسكرتێری یەكەمی حیزبی سوسیالیستی فەرانسە كرد

14:37 - 23 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران بەبۆنەی كۆچی دوایی پیر موروا سەرۆك وەزیری یەكەم خولی سەركۆماریی فرانسوا میتران، پەیامێكی سەرەخۆشی پێشكەش بە سكرتێری یەكەمی حیزبی سوسیالیستی فەرانسە كرد.

دەقی پەیامەكە:

بەڕێز سكرتێری یەكەم!

هاوڕێی بەڕێز!

هەواڵی كۆچی دوایی پییەر مۆروا، یەكەمین سەرۆك وەزیری خولی یەكەمی سەركۆماریی فرانسوا میتران، بووە هۆی داخ و كەسەری زۆر. لەم ساتە خەماوییەدا بەناوی رێبەرایەتیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانەوە بەبۆنەی لەدەست چوونی ئەم كەسایەتییە ناودارە، سەرەخۆشی خۆمان لەئێوە و هەموو سوسیالیستەكان و هەموو ئەندامانی بنەماڵەی ئەم بەڕێزە كۆچكردووە دەكەین.
ئێمە یادی بەڕێز پییەر مۆروا وەكوو یەكێك لەسیما هەرە دیارەكانی سوسیالیزمی دێمۆكراتیك لەفەرانسە و لەئاستی نێودەوڵەتی و بەتایبەت لەو سەردەمەدا، كە سەرۆكایەتیی لەئینتێرناسیوناڵ سوسیالیستی لەساڵەكانی ١٩٩٢ هەتا ١٩٩٩ لەئەستۆ بوو و هەروەها وەكوو كەسایەتییەكی مرۆڤ دۆست و خەباتگێڕێكی كۆڵنەدەر لەپێناو ئازادی و یەكسانی و هاوڕێیەكی راستەقینەی پشتیوانی مافەكانی نەتەوەی كورد، بەرز دەنرخێنین. ئێمە هەرگیز لەبیری ناكەین كە لەسەردەمی سەرۆكایەتیی پییەر مۆروا لەئینتێرناسیوناڵ سوسیالیستدا بوو كە بەتێكڕای دەنگ، حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران بەئەندام وەرگیرا.
بەنەبوونی بەڕێز پییەر مۆروا، فەرانسە سیاسەتوانێكی مەزن، سوسیالیزمی دێمۆكراتیك و یەكێك لەسیمبۆلە هەڵكەوتووەكانی و نەتەوەی كوردیش یەكێك لە دۆستە بەوەفاكانی لەدەست‌دا.

رۆحی شاد و یادی بەرز و پیرۆز بێت

مستەفا هیجری

سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران

كوردستان ـ ١٠ژوئەنی ٢٠١٣‌ی زایینی