کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ساڵڕۆژی شەهیدانی كوردستان لە یوتوبۆری سوید

14:58 - 14 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: بە بۆنەی ١٠ی خاكەلێوە ساڵڕۆژی شەهیدانی كوردستان لە شاری یوتوبۆری (گۆتێنبێرگ) وڵاتی سوید رێوڕەسمێك بەڕێوە چوو.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، كۆمیتەی حیزبی دێمۆكرات ـ یوتوبۆریی رێوڕەسمێكی بە بۆنەی ١٠ی خاكەلێوە، رۆژی شەهیدانی كوردستان بەبەشداریی بەشێكی بەرچاو لەئەندامان، لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێمۆكرات، حیزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی بەڕێوە برد.
سەرەتای رێوڕەسمەكە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و خولەكێك بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لەگیانی پاكی شەهیدان دەستی پێكرد.


پاشان پەیامی كۆمیتەی یوتوبۆری لەلایەن شیرین جەلالیەوە خوێندرایەوە.
لە درێژەی رێوڕەسمەكە، پەیامی كۆمیتەی هاوكاری هێزە سیاسییەكانی كورد و كوردستانی لەلایەن رەحمان سۆفیزادە و پەیامی بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن بەرێز بێباك خوێندرانەوە.

پاش خوێندنەوەی شیعرێك لەلایەن لازۆ بەكر، دوكتور حوسێن خەلیقی، ئەندامی پێشووی كۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران باسێكی سەبارەت بە كەسایەتی پێشەوا قازی محەممەد، بیری نەتەوەیی، نەخشی رێبەرانی كورد و ئەركی هەموو كوردێكی نیشتمان پەروەر پێشكەش كرد.
هەر لەو پێوەندییەدا كۆمیتەی یوتوبۆری گوڵی رێزلێنانی بە بنەماڵەی سەرجەم شەهیدانی كورد و كوردستان كە بەشداری رێورەسمەكە بوون بەخشی و ئەو رێوڕەسمە بە خوێندنەوەی سرودی ئافەرین قازی محەممەد كۆتایی پێهات.