کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ساڵڕۆژی شەهیدكرانی دكتور قاسملوو و هاوڕێیانی لە فەرانسە

23:17 - 24 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: لەگۆڕستانی پێرلاشێز لەپاریس رێوڕەسمی ٢٤مین ساڵیادی تیرۆركرانی د. قاسملوو و هاوڕێیانی بەرێوە چوو و هاوكاتیش ژمارەیەك لەئەندامانی حیزبی دێمۆكرات لە بلژیك لەو رێوڕەسمەدا بەشدار بوون.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، بە مەبەستی رێزگرتن لەیاد و بیرەوەڕی شەهیدانی وییەن و پەیمان نوێكردنەوە لەگەڵ دوكتور قاسملووی زانا و هاورێیانی، رۆژی شەممە رێكەوتی ٢٢ی پووشپەڕ شاهۆ حوسێنی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی، نوێنەرانی دەفتەری پاریس و نوێنەری بەشێكی بەرچاو لە پارتە سیاسییەكان و دكتور فرێدریك تیسۆ، دۆستی دێرینی شەهید دكتور قاسملوو و سەركۆنسولی پێشووی فەرانسە لەهەرێمی كوردستان، خاتوو مۆنیك سمیت، چالاكڤانی مافی مرۆڤ لە بلژیك، دكتور كەنداڵ نەزان كەسایەتیی سیاسیی و ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لە وڵاتانی بلژیك، هولەند و سویس و كۆمیتەی یەكیەتیی لاوانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لە بلژیك، لەسەر گۆڕی دكتور قاسملوو كۆ بوونەوە.

سەرەتای رێورەسمەكە، جەماڵ پووركەریم خولەكێك بێدەنگی بۆ ریزگرتن لەگیانی پاكی هەموو شەهیدانی كوردستان رایگەیاند و دواتر سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب لە لایەن كۆڕی سروودی یەكیەتیی لاوان كۆمیتەی بلژیك خوێندرایەوە.


شاهۆ حوسێنی، بەم بۆنەوە پەیامێكی گرینگی لەلایەن حیزبەوە پێشكەش كرد و لەپەیامەكەیدا وێرای ئاوڕدانەەوە لەئامانجەكانی كۆماری ئیسلامی بۆ ئەنجامدانی تیرۆری وییە‌ن، ئاماژەی بە قۆناغی سیاسی كۆتاییەكانی دەیەی ٦٠لە ئێران و كوردستان بەتایبەت كرد كە بو بە هۆی ئەوە كە كۆماری ئیسلامی داوای وتووێژ لە حیزبی دێمۆكرات بكات.

دواتر د.كەندال نەزان، دۆستی نزیكی شەهید دوكتوور قاسملو و سەرۆكی ئەنستیتۆی كورد لە پاریس بە زمانی فەرانسەوی لەسەر رۆڵ و تایبەتمەندییەكانی دكتوور قاسملوو دوا و لەبرگەیەكی دیكەی رێوڕەسمەكدا، دكتور فرێدریك تیسۆ، دۆستی دێرینی شەهید دكتوور قاسملوو و سەركۆنسولی پێشووی فەرانسە لە هەرێمی كوردستان قسەی كرد و دكتور قاسملووی بە كەسایەتییەكی بێ وێنە لە مێژوویی كوردا ناو برد.
پەرویز نەویدی دۆستی نزیكی دوكتوور قاسملوو و حیزبی دێمۆكرات و خاتوو مۆنیك سمیت، چالاكڤانی مافی مرۆڤ لەبلژیك پەیامیان بەبۆنەی ساڵڕۆژی شەهید كرانی دكتور قاسملوو پێشكەش كرد.