کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ساڵڕۆژی کارەساتی میکۆنووس لە رۆژئاوای کانادا

14:25 - 2 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: کۆمیتەی حیزبی دێموکرات ــ رۆژئاوای کانادا، بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی میکۆنووس، رێوڕەسمێکی بەڕیوەبرد.
بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی، بەبۆنەی ساڵیادی کارەساتی میکۆنۆس و بۆ رێزگرتن لە یاد و ناو و خەباتی شەهید دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە رۆژئاوای کانادا رێوڕەسمێکی تایبەتی بەڕێوەبرد.

ئەو رێوڕەسمە بە سروودی نەتەوایەتی \'\'ئەی رەقیب\'\' و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان و بەتایبەت شەهیدانی میکۆنووس دەستی پێکرد.

لە بڕگەی یەکەمی ئەم رێوڕەسمەدا، پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات بە بۆنەی ساڵیادی شەهیدکرانی دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لەلایەن رەحمان مورادیـەوە  پێشکەش کرا. 

دواتر، حکمەت قوڵیزادە، بەشێک لە وتە بەنرخەکانی دوکتور شەرەفکەندی و پارچە پەخشانێکی پێشکەشی ئامادەبوان کرد  و دواتر پەیامی هاوخەمی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لەلایەن حەمید بەهرامیـەوە پێشکەش کرا.

پاشان ناسر جیهانی، لە باسێک‌دا، پوختەی بەرهەمەکانی دوکتور شەرەفکەندی پێشکەش کرد و وێرای شی کردنەوەی بیر و هزری ئەم رێبەرە شەهیدە، رۆڵ و کارتێکەری  دوکتور شەرەفکەندی لە نێو بزوتنەوەی رزگاری‌خوازی کوردستان هەڵسەنگاند.

لە درێژەی رێوڕەسمەکەدا، ئیسماعیل ئیبراهیمی، باسێکی لە سەر بنەما فیکریی گرووپە توند ئاژۆ ئیسلامییەکان و دوایین رووداوەکانی کوردستان و ناوچە پێشکەش کرد.

دواتر، مەحیەدین پاڵانی، وێڕای ئاوڕدانەوە لە خەبات و تێکۆشانی دوکتور شەرەفکەندی، چەند باسێکی سەبارەت بە بنەمای فیکری و بیر نەتەوەیی  دوکتور شەرەفکەندی پێشکەش بە ئامادەبوان کرد.

لە بڕگەی کۆتایی ئەم رێوڕەسمەدا، ستیون  کالێرۆ، لەلایەن حەوتەنامەی میلیتانت وتارێکی کورتی پێشکەش کرد و  وێرای هاوخەمی بە بۆنەێ کارەساتی میکۆنووس، ئەم کردەوە تیرۆریستییەی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانی مەحکووم کرد و پشتیوانی لە خەباتی گەلی کورد بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی خۆی، بە ئەرکێکی ئینسانی وەسف کرد.

چەند لایەنی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستانی و یەک لەوان لقی ڤانکۆڤێری پارتی دێموکراتی کوردستان، پەیامی هاوخەمیی خۆیان بەم بۆنەوە، پێشکەشی کومیتەی حیزبی دێموکرات کرد.