کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ٢٢ی پووشپەڕ لە رۆژئاوای کانادا

16:26 - 25 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: رێوڕەسمێک بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ بە بەشداریی هاووڵاتییان، کەسایەتییە سیاسییە ئێرانی و کانادایی‌یەکان و ژمارەیەک لە خوێندکارانی کانادایی لە رۆژئاوای کانادا بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ٢٥مین ساڵـڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ رۆژئاوای کانادا، بە هاوکاریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، رێوڕەسمێکی تایبەتیی لە زانکۆی \'\'سایمۆن فرێیزەر\'\' پێک هێنا.

رێوڕەسمەکە سەرەتا بە خوێندنی سروودی نەتەوایەتیی \'\'ئەی رەقیب\'\' لەلایەن گرووپی هونەریی ئاگری و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی دەستی پێکرد.

دواتر پەیامی کۆمیتەی حیزب لەلایەن \'\'سمایل ئیبراهیمی\'\' بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات پێشکەش کرا و تێیدا وێڕای پەیمان و بەڵێنیی وەفاداری بە رێبازی قاسملووی نەمر، داوای لە هەموو لایەنە سیاسی و مرۆیی‌یەکانی کانادا کرد بۆ هاندانی دەوڵەتی ئوتریش لەمەڕ کرانەوەی کەیسی بە ناحەق گرێدراوی شەهیدانی ڤییەن هەوڵ بدەن.

8914.jpg

دواتر سروودی \'\'ئەی شەهیدان\'\' لەلایەن گرووپی هوونەریی ئاگرییەوە پێشکەش کرا و پاشان \'\'تێری بیچ\'\' ئەندامی پایەبەرزی حیزبی لیبراڵی کانادا و پاڵێوڕاوی سەرەکیی ئەو حیزبە بۆ پارلمان، وتارێکی لەسەر بنەماکانی دێموکراسی و گرینگیی ئەو سیستمە سیاسییە پێشکەش کرد.

لە بەشی دووهەمی ئەم کۆڕیادەدا سەرەتا ژیاننامەی دوکتور قاسملووی نەمر لەلایەن \'\'بەیان و رووپاک\'\' بەڕێوەبەرانی کۆریادەکە پێشکەش کرا و دواتر خاتوو \'\'کارۆل پرۆنهۆبێر\'\' رۆژنامەوان و نووسەری کتێبی \'\'حەز و ئاواتەکانی رەحمانی کورد، خەونی کوردستان\'\' وتارێکی پێشکەش کرد.

خاتوو کارۆل، وێڕای ئاوڕدانەوە لە سەرەتاکانی ئاشنابوونی بە دۆزی کورد و قاسملووی شەهید، تایبەتمەندییەکانی ئەم شەهیدە و رادەی خۆشەویستیی دوکتور قاسملوو بۆ نەتەوەکەی و گرینگیی رۆڵ و رێبەریی ئەم کەسایەتییەی وەسف کرد و کارەساتی ڤییەنی بە خەسارێکی مەزن بۆ هەموو کوردستان پێناسە کرد.

لە کۆتایی رێوڕەسمەدا بەشداران را و سەرنج و تێبینییەکانیان لەسەر سمینارەکە دەربڕی.

ئەم لایەنانە پەیامی خۆیان بەبۆنەی ٢٥مین ساڵـڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو بۆ رێوڕەسمەکە ناردبوو:

ــ حیزبی کۆمۆنیستی کانادا

ــ ژمارەیەک لە دۆستانی کورد و پارلمانتارانی فیدراڵ و هەرێمیی کانادا

ــ ئەندامانی شۆرانی شاری بێرنابی