کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سمیناری تایبەت بە کەسایەتیی د. قاسملوو لە زانکۆی سلێمانی

16:18 - 18 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: سمینارێکی تایبەت بە هزر و بیر و کەسایەتیی دوکتور قاسملوو، بە بەشداریی شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە زانکۆی سلێمانی بەڕێوەچوو.
به پێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، لە بەرەبەری ٢٥مین ساڵیادی شەهیدکرانی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو سکرتێری گشتیی پێشووی حیزبی دێموکرات و هاوڕێیانی عەبدوڵڵا قادری ئازەر نوێنەری ئەو کاتی حیزب لە دەرەوەی وڵات و فازڵ رەسووڵ دۆستی حیزب لە شاری ڤییەن، سمینارێکی تایبەت بە کەسایەتی و هزر و بیری د.قاسملوو رێکخرا.

ئەم سمینارە کە بۆ دوکتور ئەکرەم مێهرداد و شەریف هەژاری پێکهاتبوو، سەرلەبەیانی رۆژی سێ‌شەممە ١٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی لە هۆڵی سمیناری کۆلێژی زمانی زانکۆی سلێمانی، بە بەشداریی شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی \'\'رۆستەم جەهانگیری\'\' ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوەچوو.

ئەم سمینارە کەلە دوو بەش پێکهاتبوو بە خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان بە تایبەتی شەهیدانی ٢٢ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی دەستی پێکرد.

دواتر د. هۆگر مەحموود فەرەج، سەرۆکی کۆلێژی زمانی زانکۆی سلێمانی، وێڕای بەخێرهاتنی میوانان، ئامانج لە رێکخستنی ئەم سمینارەی بۆ بەشداران شی کردەوە.

بەشی یەکەمی ئەم سمینارە دوکتور ئەکرەم مێهرداد، نووسەر و رۆشنبیر سەبارەت بە سوسیالیزمی دێموکرات و ستەمی نەتەوایەتی لە روانگەی دوکتور قاسملووەوە وتەکانی خۆی پێشکەش کرد.

د. ئەکرەم لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە دوکتور قاسملوو یەکەم کەس بوو کە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتدا سوسیالیزمی دێموکراتیکی خستووەتە بەرباس و بەو شێوەیە دێموکراسی و بزووتنەوەی چەپی پێکەوە گرێ داوە.

دوکتور ئەکرەم مێهرداد دواتر سەبارەت بە ستەمی نەتەوایەتی لە روانگەی دوکتور قاسملووەوە قسە کرد و ئەو وتەیەی دوکتور قاسملوو کە دەڵێ: نابێت هەرگیز مافی نەتەوایەتی و چینایەتی لەسەر حیسابی دێموکراسی بێت، بەرز نرخاند.

لە بەشی دووهەمی ئەم سمینارەدا کە بۆ شەریف هەژاری، مامۆستای زانکۆ و \'\'ماستەری ستراتێژیی بریتانیا لە خاکی ئەمریکا\'\' تەرخان کرابوو، باسەکەی خۆی لەژێر ناوی قاسملوو وەک خۆی شۆڕشێکی یەکسانییە کەلە سێ لایەن پێکهاتبوو، پێشکەش کرد.

باسەکەی مامۆستا شەریف هەژاری کە بە شێوەیەکی لۆژیکی و بە لەبەرچاوگرتنی لێکۆڵێنەوەی لایەنە تیۆری و کردارییەکان، باسەکانی پێشکەش کردن، سێ لایەنی ئاکادیمی، بیری نەتەوەیی و یەکسانی و لایەنی سیاسی و دیپلۆماسیـی لەخۆ گرتبوو.

هەژاری لە باسەکەی خۆیدا سەبارەت بە داهێنەر بوون و بیرمەند بوونی دوکتور قاسملوو قسەی کرد و دوکتور قاسملووی وەکوو بیرمەندێکی شۆڕشگێڕ ناو برد.

هەروەها لە درێژەی باسەکەیدا گوتی: لە بەر ئەوەی دوکتور قاسملوو لە هێنانە کایەی تێزەکانی بە داهێنەر دەزانم و وەکوو بیرمەندێک ناوی لێ دەبەم، چونکە کەرەستەی جێبەجێ کردنی تیۆرییەکانی لە بیرمەندانی‌تر جیاواز بووە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە دوکتور قاسملوو تەنیا رێبەرێکی کوردە کە پێش لە وەرگرتنی پلە و پایەی حیزبی و بە بێ‌کەڵک وەرگرتن لەو پلە و پایانە و بە هۆی هەڵوێست و جوانمێری، یەکسانی و داهێنان، زانابوونی خۆی بە دنیا ناساند.

هەژاری هەروەها گوتی: \'\'قاسملوو تاکە رێبەر بووە لەسەر زەویدا و تاکە نەفەرى یەکەمى حیزبێک بووە لە ئاست تەواوى نەفەرى یەکەم و سەرکردەى یەکەمى حیزبەکانى وڵاتاندا لە جیهاندا کە زیاتر لە ١٠ زمانى زانیبێت، زمانەکانیش (فەڕەنسى، ئینگلیزى، رووسى، عەرەبى، فارسى، تورکى، چێکى، سلۆڤاکى، ئازەرى، کوردى) ـین.

لە درێژەی قسەکانیدا هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە قاسملوو بە پێچەوانەى رێبەرانى دیکەى کورد، زۆر دژى تاکپەرستى لە ناو حیزبەکاندا بوو، هەر بۆیە قاسملوو تاکە رێبەرى کورد بووە کە هەڵواسینى وێنەکانى و شیعار و هوتافدانى بژى قاسملووى لە نێو ریزەکانى حیزبەکەیدا قەدەغە کردبوو.

شەریف هەژاری، مامۆستای زانکۆ و ماستەر لە ستراتێژیی بریتانیا لە خاکی ئەمریکا سەبارەت بە خەباتی دوکتور قاسملوو گوتی: قاسملوو تاکە رێبەرى کورد بووە کە وەکوو نەفەرى یەکەمى حیزبێک لە مەیدانى سیاسەتدا بووبێ و سەرکردایەتىی جووڵانەوەى چەکداریی دژ بە رێژێمى ئێران کردبێ، کەچى بە هیچ جۆرە خیانەتێکى نەتەوەیی‌ تێوە نەگلاوە.

بەپێێ ئەم راپۆرتە، بەشی کۆتایی ئەم سمینارە بۆ وەرگرتنی را و بۆچوونی بەشداران سەبارەت بە باسەکان تەرخان کرابوو.