کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سمیناری\"گەشەی ناسیۆنالیزم لە نێو ئەحزاب و كۆمەڵگادا\"

12:37 - 20 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سمینارێکی سەبارەت بە ناسیۆنالیزم بۆ مەسعوود بابایی، وەرگێڕ و لێکۆڵەری کورد پێکهێنا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، كاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆی رۆژی شەممە رێکەوتی ١٩ی رەزبەری ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران كۆڕێكی لە ژێر ناوی گەشەی ناسیۆنالیزم لە نێو ئەحزاب و كۆمەڵگادا بۆ مەسعوود بابایی وەرگێڕ و لێكۆڵەر لە هۆڵی كتێبخانەی ئازادی لە شاری كۆیە بەڕێوە برد.

سمینارەكە بە یەك خولەك بێ دەنگ بۆ رێزگرتن لە شەهیدان رێگای رزگاریی كوردستان دەستی پێكرد.

پاشان، مەسعوود بابایی باسەكەی خۆی پێشكەش كرد.

مەسعوود بابایی سەرەتا پڕژایە سەر ئەوە كە بۆ باسكردن لە بوونی ناسیۆنالیزم دەبێت باس لە چەن فاكتەرێک وەکوو، حافیزەسازی، ئینتزاع، عەینیەت، واقعییەت، فراواقعییەت بكەین.

بە بۆچوونی بابایی بزووتنەوەی كوردی لە حافیزە‌سازیدا زۆر لاواز، كاری كردووە. رووداو و تراژیدیاكان زۆر زوو لە بیر دەچن و ئۆستوورە‌سازی لە نێو ئێمە كورددا زۆر لاوازە.

هەروەها ناوبراو وتی كە زمان و خاك دوو فاكتەری سەرەكی ناسیۆنالیزمن، زمان ئینتزاع و خاك عەینییەت و هەر بۆیەش دەبێت گرنگیی زۆر بەم دوو فاكتەرە بدرێت. زمان بە پشت بەستن بە خاك، ئینتزاع دروست دەكات و ئەو كەسانەی دژی زمان و خاكن ناتوانن ناوی ناسیۆناڵیست لە سەر خۆیان بنێن.

بابایی لە درێژەدا باسی لەوە كرد كە ئایا ناسیۆنالیزم ئایدۆلۆژیایە یان پرۆژەیەكی سیاسی؟ پرۆسەی نەتەوە سازی زیاتر لە پرۆژەیەكی سیاسی دەچێت. ئەم نووسەرە کوردە لەسەر ئەو بڕوایە بوو کە هیچ نەتەوەیەك لە خودئاگایی و ناخۆد ئاگاییەكی رەهادا ناژیت و هەر بۆیەش ئەركی ئیلیت و رووناكبیر ئەو كۆمەڵگایەیە كە بتوانێت چلۆن لە سەر ئەو نەتەوەیە لە پرۆسەی ناسیۆنالیزمدا ئیش بكات. لە پرۆسەی ناسیۆنالیزمدا تراژیدی زۆر گرنگە، چونكۆ تراژدی پرسیار دروست دەكات، پرسیارێك وەكوو بۆچی؟ بەڵام گرنگی تراژیدی بۆ نەتەوەیەك لەوەدایە كە دووپات و چەن پات نەبێتەوە، لێرەدایە كە حافیزە‌سازی رۆڵی دەردەكەوێت، ئێمە كورد تراژیدی زۆرمان بە سەردا هاتووە رەنگە زیاتر لە هەر نەتەوەیەك بەڵام هەمیشە تراژدیاكانمان زوو لە بیر كردووە. كاتێك نەتەوەیەك تراژدی زۆری بە سەردا بسەپێت، ئەو نەتەوەیە خۆڕاگر دەبێت و خۆڕاگرییەكەی لە سەر بنەمای فەرامووش كردنە.

بابایی لە وەڵامی ئەوەیكە چ رێگایەك هەیە كە ئێمە تراژیدیاكان فەرامۆش نەكەین وتی كە تەنیا رێگا حافیزەسازییە.

هەروەها ناوبراو لە درێژەی باسەكانیدا تیشکی خستە سەر لاوازی بوونی مێژووی كورد و نەبوونی فاكتەرێك وەكوو قۆناغ بەندی مێژووی گەلی كورد.
بابایی ئاماژەی بەوەدا كە ناساز بوونی سازی ئەحزابی كوردی لە قۆناغی هەنووكەیدا ئەوەیە كە چوارچێوەی نەتەوەیی پێناسە نەكراوە، ئاسایشی نەتەوەیی پێناسە نەكراوە.

لە روانگەی كۆرگێڕەوە ناسیۆنالیزم سەیری واقعییەت دەكات بەڵام ئەوەی بە ئامانجی دەگەینێت فەراواقعییەتە و هەر بۆیەش فراواقعییەت بۆ ناسیۆنالیزم زۆر گرینگە و هیچ ناسیۆنالیستێك ناتوانێت بە بێ فراواقعییەت بژیت.

لە بەشی کۆتایی سمینارەکەدا، هەركام لە بەشداربوان تێبینی و پرسیارەكانی خۆیان ئاراستەی کۆڕگێڕ كرد و ئەویش وڵامی پرسیارەكانیانی دایەوە.