کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سمینارێک بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز لە شاری ئاڵبۆرگی دانمارک

19:05 - 1 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: بە مەبەستی رێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان، سمینارێک بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز لە شاری ئاڵبۆرگی دانمارک بەڕێوەچوو.


بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، بۆ رێزگرتن لە رۆژی پێشمەرگەی کوردستان رۆژی شەممە رێکەوتی ٣٠ی سەرماوەز کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی باکووری دانمارک (ئاڵبۆرگ) بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاوی کوردانی دانیشتووی ئەو ناوچەیە و سمینارێکی تایبەت بە ٢٦ی سەرماوەز پێکهات.
ئەو سمینارە بە خوێندنی سروودی نەتەوەیی \'\'ئەی رەقیب\'\' لەلایەن کۆڕی سروودی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستان ئێران و راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.
عەبدوڵڵا مەحموودیان، مەحموود دەشتی، سولەیمان کەڵەشی، کامران ئیبراهیمی، عەزیزە جەمشیدی و ئەبووبەکر ئیسماعیلی، پێشمەرگە دێرینەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، مریەم خانم پێشمەرگەی پێشووی پارتی دێموکراتی کوردستان و مامۆستا حامید عەبدوڵڵا پێشمەرگەی پێشووی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆڕگێڕانی ئەو سمینارە بوون.
لەو سمینارەدا کۆمەڵێک لە پێشمەرگەی دێرینەکانی کوردستان لە هەردوو بەشی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان ئەرک و خەباتی پێشمەرگە شی کردەوە و کۆمەڵێک بیرەوەریی سەردەمی خەباتی پێشمەرگایەتی چەکدارییان گێڕایەوە.
لەو سمینارەدا کۆمەڵێک سروودی حەماسی و شۆڕشگێڕی لەلایەن کۆڕی سروودی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە خوێندران.