کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کوردستانییەکان لەمەڕ بار‌ودۆخی کوردستانی عێراق و سووریە

21:32 - 19 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کوردستانییەکاندا لە وڵاتی فینلاند، بڕیار لەسەر بەڕێوەبردنی رێپێوان و دەربڕینی ناڕەزایەتی لەبەر دەم وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە درا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، کۆبوونەوەی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کوردستانییەکان رۆژی شەممە رێکەوتی ١٨ی گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی، لەسەر داوای بەشی پێوەندییە کوردستانییەکانی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فینلاند، بە بەشداریی نوێنەرانی زۆربەی حیزبە ئەندامەکانی ئەم کۆمیتەیە‌ و نوێنەرانی کۆمەڵە‌ و رێکخراوە مەدەنییەکان و چەند چالاکێکی کورد، لە شاری هێلسینکی لە وڵاتی فینلاند بەڕێوەچوو.

کۆبوونەوەکە بە راگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ‌ کرد.

پاشان \'\'شەفیع رەوشەنی\'\' بەرپرسی پێوەندییە کوردستانییەکانی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە فینلاند، کە هاوکات بەرپرسی دەورەیی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانیشە، سەبارەت بەو دۆخە نەخوازراوەی کە کوردستانی باشوور و رۆژئاوای کوردستانی تێکەوتووە، چەند باسێکی پێشکەش کرد و مەبەست و ئامانجی کۆبوونەوەکەی بۆ بەشداران شی کردەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا لەبارەی رێکخستنی کوردانی دانیشتووی فینلاند بۆ بەڕێوەبردنی چەند چالاکییەک لەمەڕ مەحکوومکردنی هێرشی تیرۆریستان بۆسەر کوردستان باس و راوێژ کرا.

9092.jpg


شەفیع رەوشەنی، بەشداریی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و حیزبەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستانی لە پاراستنی ئەزموون و خاکی کوردستان بەرز نرخاند ‌و لەو بارەوە خەباتی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگەی پارچەکانی دیکەی کوردستانی وەک لاپەڕەیەکی زێڕین لە مێژووی خەباتی نەتەوەکەماندا لە قەڵەم دا.

پاش باس و راوێژێکی زۆر لەسەر بار‌ودۆخی کوردستانی باشوور و رۆژئاوا، بەشدارانی کۆبوونەوەکە بڕیاریان دا لە چەند چالاکییەکدا هێرشی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش، ریسوا بکەن.

لەو کۆبوونەوەیەدا بەشداران لەسەر بەڕێوەبردنی رێپێوانێکی گشتی کە تێیدا داواکاری و ناڕەزایەتیی کوردان لەهەمبەر هێرشی تیرۆریستان بۆسەر کوردستان بگەیەنرێتە وەزارەتی دەرەوەی فینلاند، کۆک بوون.