کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی كۆمیتەی هاوكاریی حیزبە كوردستانییەكان لە وڵاتی فینلاند

22:23 - 30 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی هێزە کوردستانییەکانی وڵاتی فینلاند، سەرۆکایەتیی ئەو کۆمیتە بۆ شەش مانگی داهاتوو رادەستی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات کرا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، کۆبوونەوەی کۆمیتە هاوکاریی حیزبە کوردستانییەکان لە وڵاتی فینلاند، رۆژی یەكشەممە رێكەوتی٢٨ی بانەمەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، بە بەشداریی شاندێکی كۆمیتەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ــ فینلاند لە شاری هێلسینكی، پایتەختی وڵاتی فینلاند بەڕێوەچوو.

ئەو کۆبوونەوەیە بە راگرتنی یەک خولەک بێدەنگی بۆ ریزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پی کرد و دواتر راپۆرتی كار ‌و چالاكییەکانی ئەو کۆمیتەیە پێشکەش کرا.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، هەركام لە نوێنەرانی حیزب و رێكخراوە سیاسییە كوردستانییەكان رەخنە و پێشنیاری خۆیان بە مەبەستی باشتر بەڕێوەبردنی كار ‌و چالاكییەكانی كۆمیتەی هاوكاریی هێزە سیاسییە كوردستانییەكان لە فینلاند، دەربڕی و لە ئاكامدا لەسەر هاوكاریی زیاتر‌ و بەردەوام، بۆ چالاكتربوونی ئەم كۆمیتەیە، پێداگری کرایەوە.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، داواكاریی حیزبێكی دیكەی كوردستانی بۆ ئەندام بوون لە كۆمیتەی هاوكاریی حیزبە سیاسییە كوردستانییەكان لە فینلاند خرایە بەر باس و لەو بارەوە پاش راوێژ و بیروڕا گۆڕینەوە، بڕیار درا كە هەر حیزب و لایەنێكی كوردستانی كە بیهەوێ‌ببێتە ئەندامی ئەم كۆمیتەیە، پێویستە ئایینامە و پێڕەوی نێوخۆی كۆمیتەی هاوكاریی هێزە سیاسییە كوردستانییەكان پەسند بكا.

لەم كۆبوونەوەیەدا بەرپرسایەتیی كۆمیتەی هاوكاریی حیزبە كوردستانییەكان بۆ 6 مانگی داهاتوو، بە حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران سپێردرا.

پاش كۆبوونەوەی كۆمیتەی هاوكاریی حیزب و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان لە فینلاند، شاندی کۆمیتەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران دیدارێکی تایبەتییان ئەنجام دا لەسەر پێویستیی هاوكاریی زیاتر لە نێوان كۆمیتەكانی هەردوو حیزب ‌و هەروەها هەوڵدان بۆ كار ‌و چالاكیی هاوبەش راوێژیان کرد.