کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی كۆڕیادێك لەكانەدا بە بۆنەی بۆ ٢٥ـەمین ساڵڤەگەڕی كوشتاری بە كۆمەڵی زیندانیانی سیاسی

15:21 - 21 خەرمانان 2713

كوردستان میدیا: ٤ حیزب و لایەنی سیاسیی كۆڕیادێكیان بە بۆنەی كوشتاری بە كۆمەڵی زیندانیانی سیاسیی ساڵی ١٣٦٧ی هەوتاوی لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە، لە شاری تورێنتۆی وڵاتی كانەدا بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، كۆمیتەی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران ـ رۆژهەڵاتی كانەدا، كۆمیتەی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران ـ ئەمریكای باكوور، كۆمیتەی حیزبی توودە ـ یەكەی تورێنتۆ و رێكخراوی فدائیانی خەلقی ئێران ـ كانەدا ئەو كۆڕ یادەیان بەڕێوە بردووە.
كۆڕیادەكە بە راگرتنی خولەكێك بێدەنگی بۆ گیانی پاكی سەرجەم گیان لەدەست داوانی رێگای ئازادی بە تایبەتی بەندكراوانی بە كۆمەڵ كوژراوی ساڵی ٦٧، دەستی پێكرد.
پەیامی هاوبەشی ئەو چوار حیزب و لایەنە سیاسییە لەلایەن خاتوو لالە خوێندرایەوە و پاشان رەزا موریدی ئەندامی پارلمانی ئونتاریو و وەزیری توێژینەوە و داهێنانی ئەو هەرێمە فێدراڵە چەند وتەیەكی پێشكەش كرد.
لەبەشێكی‌تری كۆڕیادەكەدا پانێلێكی بیرەوەری بۆ چەند بەندكراوی سیاسی لەلایەن توورەج سامعی بەڕێوە چوو كە هەر یەك لەئەبوبەكر رەحیمی و مریەم تەنگستانی و سەعید گوڵشەن لەسەر رەوشی سیاچاڵەكانی رژێمی ئێران و دۆخی زیندانیان و هەڵسووكەوتی بەرپرسانی بەندەكانیان بۆ بەشداران دوان.
لە نێوئاخنی كۆڕیادەكەدا چەندین شێعر و پەخشان لەلایەن چەند هونەرمەندەوە پێشكەش كرا، هەروەها هونەرمەندان \'\'گەلاوێژ محەممەدی، فەرزاد سابوونی و قەیدەرپوور\'\' چەندین ئاهەنگی حەماسی و شۆڕشگێڕیان پێشكەشی كۆڕیادەكە كرد.
لە كۆتایی كۆڕیادەكە بڕیارنامەی بەڕێوەبەرانی ئەو رێوڕەسمە لەلایەن دڵشاد خزرییەوە خوێندرایەوە.