کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەکارهێنەرانی ماددەی سڕکەری شیشە لە ئێران، ٣٤٥ هەزار کەسی تێپەڕاندووە

13:55 - 16 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: بەپێی ئامارەکانی رێژیم، لە ئێراندا ٣٤٥ هەزار کەس ماددەی سڕکەری شیشە بەکار دێنن کە ئەو کەسانە لەسەدا ٢٦ی کۆی گشتیی گیرۆدەبوان بە ماددە سڕکەرەکان لە وڵاتی ئێراندا پێک دێنن.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان و دانپێدانەکانی بەرپرسانی رێژیمی ئێران، بەکارهێنەرانی ماددەی شیشە زیاتر لە یەک لەسەر چواری حەشیمەتی ١ ملوێن و ٣٢٧ هەزار کەسیی گیرۆدەبوو بە ماددەسڕکەرەکان لە ئێران پێک دێنن.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە نێو گیرۆدەبوان بەماددە سڕکەرەکان لە وڵاتی ئێراندا لەسەدا ٢١ی ئەو کەسانە بڕوانامەی کارناسی، لەسەدا ٦٣ی خێزاندار و لەسەدا ٤٧یان بێکارن.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، تەنیا لەسەدا ١٧ی گیرۆدەبوان دەرفەتی دەستڕاگەیشتن بە بنکە دەرمانییەکانیان هەیە و بەپێی دوایین ئامار لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی لە کۆی گشتیی گیرۆدەبوان بە ماددە سڕکەرەکان لەسەدا ٢٦یان شیشە، لەسەدا ٥٥ تریاک و کەسانی دیکەش هێرۆئین، حەشیش و ماددە سڕکەرەکانی دیکە بەکار دەهێنن.

لەو پێوەندییەدا رێژەی بەکارهێنانی ماددەی سڕکەری شیشە لە ئێران ١٢٦ تۆن و رێژەی دۆزینەوەی قاچاغی ئەو ماددە سڕکەرە سەنعەتییە لەلایەن هێزی ئینتزامیی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە ٥ هەتا ٨ تۆن بەراورد کراوە.

کارناسان لەو باوەڕەدان کە یەکێک لە سەرەکیترین هۆکاری گیرۆدەبوون بە ماددە سڕکەرەکان لە ئێراندا بۆ بێکاری و نەبوونی هەلی کار دەگەڕێتەوە.

ساڵانە رێژیمی ئیسلامیی ئێران سەدان هاووڵاتیی بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی ماددە سڕکەرەکان ئیعدام دەکات.

راپۆرتەکان لە کوردستان باس لەوە دەکەن کە کڕین و فرۆشتنی ماددە سڕکەرەکان بە ئاشکرایی لەلایەن دەست وپێوەندییەکانی سەربە رێژیمی ئێرانەوە و بە ئاگاداریی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم ئەنجام دەدرێت.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە رێگای دەست وپێوەندییەکانی خۆی بەردەوام لە هەوڵی ئەوە دابووە کە رێژەی تووشبوان بە ماددە هۆشبەرەکان لە کوردستان روو لەزیادبوون بکات و ئەو کردەوەیەی رێژیمی ئێرانیش لەگەڵ بەرپرچدانەوەی هاووڵاتییانی کورد بەرەوڕوو بووەتەوە.