کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی خوێندکارانی زانکۆی ئازاد و پەیام نووری مەریوان بە بۆنەی رۆژی شەهیدانی کوردستان

16:34 - 12 خاکەلێوه 2713

کوردستان میدیا: لە بەیاننامەی بەشێک لەخوێندکارانی زانکۆی ئازاد و پەیام نووری مەریواندا هاتووە، ئەگە‌ر پێشەوامان لەسێدارە دراوە ، ئەوا ئەمرۆ هزرو ئاڵای ئەو، ئەستێرەی پڕشنگداری رێگامانە.
نوسخەیەک لەو بەیاننامەیە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە.

دەقی بەیاننامەکە:

جەماوری بە هەڵویست و ئازادیخوازی کوردستان
هەروەها کە نەتەوەی کورد بە ئامانجی مسوگەر کردنی مافە رەواکان و گەیشتن بە لووتکەی سەربەستی خەباتی خۆی بە هە‌موو چەشنێک درێژە داوە و گیان لە سەردەست و بوێەرانە لەگەڵ کەند و کۆسپەکاندا رووبەروو بووەتەوە و بەردەوام بەرەنگاری داگیرکەرانی دژە مرۆڤ و پاوانخواز نیشتمانەکەی بۆتەوە. سەرەڕای خۆراگری فیداکارنە و چاو نەترسانە رۆڵە هەڵکەوتووە‌بە نرخەکانی خۆی بەخت کردووە کە لەم نێوانەدا شەهید بوونی سەرۆک کۆماری کوردستانپێشەوا قازی محەممەد و هاورێکانی لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهاباد ناسنامە و بەڵگەی سەلمێنەری ئەم راستیەیە. ئێمە کۆمەلێک لەخوێندکارانی زانکۆکانی پەیام نوور و ئازادی مەریوان لە 10ی خاکە لێوەدا کە ساڵیادی لەسێدارەدانی سەرکردەی کاروانی نەمرانە و هاوڕێکانیەتی سەری رێز و وەفاداری بۆ ئەم پۆلە شەهیدە و سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاری گەلەکەمان و بنەماڵەی ئازیز و خوراگریان دادەنەوێنین و وێرای نوێ کردەنەوەی بەڵێنیمان هەستیارانە و لەوپەڕی بڕوا بە ئامانجەکانمان دووپاتی دەکەینەوە رێگای شەهیدانی گەڵ درێژەی هەیە و ئەگە‌ر پێشەوامان لە سێدارە دراوە ، ئەوا ئەمرۆ هزر و ئاڵای ئەو ئەستێرەی پڕشنگداری رێگامانە، وەکوو توێژی هەستیاری کۆمەڵگا هەموومان تێکراو هاودەنگ شوێنکەوتووی پێشەوای نەمرین و وێڕای پشتیوانی راشکاوانە لە دیاری کردنی رۆژی 10ی خاکەلێوە وەکوو رۆژی شەهیدانی کوردستان بە داگیرکەرانی کوردستان و دەست و پێوەندەکانیان رادەگەیەنیین کە قازییەکان یەکەم شەهید و دوایین شەهیدی رێگای رزگاری گەلی کورد نین و کوردستان زیندووە چۆن هزری پێشەوا قازی محەممەد زیندووە.


کۆمەلێک لەخوێندکارانی زانکۆی پەیام نوور و ئازادی شاری مەریوان

10ی خاکەلێوەی 2713 کوردی