کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تیرۆریزمی ڕووهەڵماڵراو

22:40 - 16 بەفرانبار 2715

کەریم پەرویزی

بەدوای ئێعدامی شێخێکی توندڕەوی دژ بە دەسڵاتی سعوودیە و ٤٦ کەسی دیکە کە دەوڵەتی عەرەبستان بە تیرۆریست ناویانی بردووە، یان تاوانی هاندان بۆ کاری تیرۆریستیی وەپاڵ دابوون، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وەدەنگ هات و لەوپەڕی هەڵچوون و تووڕەییەوە هەڵوێستی نواند و سەرانی ڕێژیم لە هەموو ئاستەکاندا بەوپەڕی تووڕەیی و هاندەرانەوە کاری عەرەبستانیان مەحکووم کرد و هەڕەشەیان دەکرد کە ئەو کارەی دەوڵەتی عەرەبستان بێ‏وەڵام نامێنێتەوە و تەنانەت خامنەیی و سپای پاسداران هەڕەشەی لێدان و لەنێوبردنیان لە حکوومەتی عەرەبستان کرد.

لە درێژەی وەها هەڕەشە و گوڕەشە و هاندانێکدا بوو کە بەسیجی و پاسدار و هێزەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە تاران و مەشهەد بۆ جارێکی دیکە هێرشیان کردە سەر باڵۆێزخانە و کۆنسولگەریی عەرەبستان و دووبارە سیمای ڕاستەقینەی ڕێژیمی ئێرانیان بە جیهان نیشان دایەوە کە لەگەڵ دنیای پێشکەوتوو و ئینسانیدا نایەتەوە و تەنیا کولتووری سووتاندن و هەڕەشە و بێ‏پرەنسیپییان تێدا بەهێزە.

بەدوای ئەو ڕووداوەدا، عەرەبستان و چەند وڵاتی عەرەبی، پێوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ئێران پچڕاند یان ئاستی پێوەندییەکانیان دابەزاند و شوورای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیش کرداری ڕێژیمی تارانی بە توندی مەحکووم کرد. لێرەدا بوو کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وەئاگا هاتەوە کە کە وەک عادەتی هەمیشەیی بێ لۆژیکانە هەڵوێستی گرتووە و کردەوە ئاژاوەگێرییەکانی بە دژی خۆی گەڕاونەتەوە و دوای ئەو هەموو ئیمتیازە کە بە دنیای دا و ئەو هەموو پاشەکشەیەی لە پەروەندە ناوکیەکەیدا کردی تاکوو لە تەریکبوونەوە ڕزگاری ببێ، ئێستا دووبارە لەبەر هەڵوێست و لێدوانی سەرشێتانە و نامەنتقیانە، خەریکە بۆ جارێکی دیکە دەکەوێتە چاڵی تەریک کەوتنەوەوە.

ئەوەی لەم نێوەدا جێگای سەرنج و تێڕامانی تایبەتییە، هەندێک لە ڕاگەیەنەکانی ڕێژیم و ئەوانەی کە لە سپای پاسداران و دەزگا ئیتلاعاتییەکانەوە نزیکن، بۆ دڵخۆشیدانەوەی خۆیان و بەناو بۆ هەڕەشەکردن و بچووک‏کردنەوەی هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی، باس لە ڕووداوی میکۆنووس دەکەن و لەوپەڕی ڕووهەڵماڵراوییەوە داکۆکی لە تیرۆریزمی ئەوکاتیان دەکەن و خۆیان بە بەراوەی ئەو ڕووداوانەی ئەو کات نیشان دەدەن.

لە ساڵی ١٣٧١دا، لە شاری بێرلینی ئاڵمان، تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامی لە ڕێستورانێک بە ناوی ڕێستوورانی میکۆنووس، دەسڕێژی تیرۆریستییان لە دوکتور شەرەفکەندی و هەیئەتی هاوڕێی کرد و شەهیدیان کردن. بەدوای ئەو ڕووداوەدا، دەزگای قەزایی ئاڵمان وەدوای بکەر و بڕیاردەرانی ئەو کارەساتە تیرۆریستیەدا ڕۆیشت و دوای ٥ ساڵ، حوکمی مێژوویی خۆی دەرکرد و کۆماری ئیسلامیی لە بەرزترین ئاستەکاندا بە تیرۆریست ناساند.

بە دوای ئەو حوکمەدا، وڵاتانی ئورووپایی یان پێوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران پچڕاند و یان ئاستەکەیان کەم کردەوە، و دواتر کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ملی بۆ مەرج و داواکانی ڕۆژئاوا ڕاکێشا و چۆکی دادا، بەتایبەت بەڵێنی دا کە چیدیکە لە ئورووپادا دەست نەداتە کاری تیرۆریستی، وڵاتانی ئورووپایی پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران ئاسایی کردەوە.

ئێستا ڕێژیمی ئیسلامی و دامودەزگا تیتلاعاتی و تیرۆریستییەکانی، دووبارە باس لە ڕووداوەکانی ناسراو بە میکۆنووس دەکەنەوە و لەوپەڕی بێ‏شەرمی و ڕووهەڵماڵراوی‏دا، هەم خۆیان بە براوەی ئەو ڕووداوانە نیشان دەدەن و هەم شانازی بە ڕابردووی تیرۆریستییانەوە دەکەنەوە.

لە ڕووداوی میکۆنووسدا، هەرچەند بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکرات زەربەیەکی قورسیان وێ کەوت و داخی شەهیدبوونی ئەو ڕێبەرە مەزنە لە مێژوودا هەر دەمێنێتەوە، بەڵام حوکمی دادگای میکۆنووس حوکمێکی مێژوویی بوو کە لە دادگایەکی وڵاتێکی پێشکەوتوو و دێموکراتدا، کۆماری ئیسلامی لە بەرزترین ئاستیدا، بە تیرۆریست ناسێندرا و دوایەش کۆماری ئیسلامی تەسلیمی داواکارییەکانی وڵاتانی ئورووپایی بوو و شکستێکی گەورە لە مێژووی دەسەڵاتی نگریسی ویلایەتی فەقیهی‏دا بوو.

ئەوەی کە سپای پاسداران و دەزگا ئیتلاعاتییەکان و ڕاگەیاندنەکانی سەر بەوان لەم بڕگە هەستیارەدا باس لە دووپاتبوونەوەی ڕووداوی میکۆنووس دەکەنەوە، تەنیا مەگەر لەوپەڕی بێ‏شەرمیدا هەڕەشەی تیرۆر و تیرۆریست پەروەری بکەن و دووبارە بۆ جیهانی بسەلمێنن کە کۆماری ئیسلامی پشت و پەنا و سەرچاوەی تیرۆریزمە، دەنا ئەوکات سەرکەوتنێکی ئەوتۆیان بەدەست نەهێنا، تاکوو ئێستا بە دووپاتکردنەوەیەوە بنازن.