کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەرمی هونەرمەند عەباس کەمەندی بە خاک سپێردرا + وێنە

23:57 - 1 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: تەرمی هونەرمەند عەباس کەمەندی لە رێوڕەسمێکدا بە بەشداریی خەڵکی شاری سنە و ئۆگرانی هونەری ئەو مامۆستایە، لە گۆڕستانی بەهەشتی محەممەدی شار سنە بە خاک سپیردرا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە رێکەوتی ١ی جۆزەردان تەرمی هونەرمەندی ناسراو و گۆرانیبێژی نەتەوەی کورد بە دەف لێدان و زیکر کردن و بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی تایبەت بەرەو گۆڕستانی بەهەشتی محەممەدی شاری سنە بەڕی کرا و تەرمەکەی هەر لەو گۆڕستانە ئەسپەردەی خاک کرا.

هونەرمەندان و ئۆگرانی هونەری مامۆستا عەباس کەمەندی و هەروەها هۆنەدۆستان خەڵکی شاری سنە و شارەکانی دیکەی کوردستانی ئێران، بە بەشدارییان لەو رێوڕەسمەدا رێز و ئەمەگ و وەفادارییان بە هونەرمەندان و ئەو مامۆستا هونەرمەندە دەربڕی.

عەباس کەمەندی هونەرمەندی گۆرانیبێژ، نیگارکێش، نووسەر و دەرهێنەری کورد سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە رێکەوتی ١ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە نەخۆشخانەی شاری \'\'تەوحید\'\'ی شاری سنه لە تەمەنی ٦٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ئەو هونەرمەندە کوردە بەهۆی تووشبوون بە نەخۆشیی گورچیلە، رەوانەی نەخۆشخانەی تەوحید لە شاری سنە کرا و هەر لەو نەخۆشخانەیە بەهۆی راوەستانی دڵ ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

عەباس کەمەندی لە شاری سنە لە دایک بووە و جیا لە گۆرانیبێژی لە بوارەکانی نیگارکێشی، نووسین، دەرهێنەری، مۆسیقا، شیعر و چیرۆک، دەستێکی باڵای هەبووە.

عەباس کەمەندی ساڵی ١٣٣١ی هەتاوی لە شاری سنە لە دایک بووە. لە سەرەتای منداڵییەوە ئۆگریی بە ئەدەبیاتی فۆلکلۆری کوردی هەبووە. لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا سەرقاڵی شێعر هۆنینەوە و چیرۆکنووسین بووە و بە وتەی خۆی لاسایی هیچ کەس و شێوازێکی نەکردووەتەوە.

کەمەندی کە بە مامۆستای حەوت هونەر ناسراوە، ساڵی ١٣٤٩ لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا لە کێبڕکێی چیرۆکنووسیدا لە رادیۆ سنە پلەی یەکەمی بە دەست هێناوە.

مامۆستای حەوت هونەر ساڵی ١٣٥٠ بەرپرسایەتیی ئاوازدانەریی خانەی فەرهەنگ و هونەریی پێ سپێردراوە.

شێوازی شیعری گۆرانییەکانی مامۆستا عەباس کەمەندی عاشقانەیە و زۆربەی شیعرەکانی لە شێعری شاعیرانی هەورامی وەرگرتووە.

عەباس کەمەندی هەتا ئێستا زیاتر لە ١٥٠ گۆرانیی خوێندووە و زیاتر لە ٦٠ گۆرانیشی دروست کردووە.

هونەرمەند هەروەها کاری کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوە بۆ ژیاننامەی کەسایەتییە ناودارەکانی کورد کردووە و بە دروستکردنی فیلمی ژیاننامەی ئەو کەسایەتییانە وەکوو سەنجەر خان، سەید عەتا کەل، ژیانی پاڵەوان حوسێن گولزار کرماشانی، بە تاڵان بردنی ئاسەوارەکانی زیویە، میری نەورۆزی و ... سیمایەکی دیکە بە مێژووی چیرۆکنووسیی کورد بەخشیوە.

ئەسب، سەوەتەیەک ئاڵف، فڕین لە قەفەسدا، میراتی مامە رەحیم، ئەندامی نویی ئۆپێک، شەڕی رۆمادییە، کۆڵانی سوور، کاروانسەرا، پارێزەری یەکەم، قەڵەم و شەیتان و پاڵەوان پەمە، ناوی ئەو فیلمنامانەیە کە لەلایەن هونەرمەن عەباس کەمەندییەوە نووسراون.

کەمەندی خاوەنی کۆمەڵێک بەرهەمی نووسراوە و پەرتووکە کە دەتوانین ئاماژە بەمانە بکەین:

ــ دیوانی شێعری کوردی و فارسی
ــ کۆکردنەوەی شێعرەکانی دیوانی میرزا شەفیع
ــ وەرزشی کەونارایی و پاڵەوانانی کورد
ــ هەورامان
ــ ژیاننامەی سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی
ــ کردنەوەی رەمزی دەرکەوتە فەرهەنگییەکان
ــ کۆکردنەوەی شێعرە هیجاییەکانی پێش سەردەمی ئیسلام