کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم، برینداربوونی کۆڵبەرێکی لە پیرانشار لێ کەوتەوە

22:19 - 25 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: کۆڵبەرێکی دیکەی کورد لە پیرانشار بە تەقەی هێزە سنوورییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بریندار و رەوانە نەخۆشخانە کرا.
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاوی کردەوە، کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی گوندی \'\'کۆنەلاجان\'\'ی سەربە ناوچەی پیرانشار بەناوی ئەیۆب فەقێ زادە\'\' پاش نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٤ی پووشپەڕ، درایە بەر دەستڕێژی گوللەی هێزە چەکدارەکانی ناسراو بە \'\'هەنگی سنووریی پیرانشار\'\' و لە ئەنجامدا بە توندی بریندار بوو.

ئەیۆب فەقێ‌زادە تەمەن ٢٦ ساڵ، خێزاندار و باوکی منداڵێک بووە و لە رووی ناچارییەوە بۆ دابینکردنی بژیویی ژیان، رووی لە کاری پڕ مەترسیی کۆڵبەری کردووە.

ناوبراو هەنووکە لە نەخۆشخانەی شاری سۆران لە هەرێمی کوردستان لەژێر پشکنین و چاودێریی پزیشکی دایە.

بەپێی ئاماری کوردستان میدیا، لە سەرەتای مانگی پووشپەڕەوە ١٦ کۆڵبەری کورد لە کاتی کۆڵبەریدا کوژراون، یان بریندار بوون.