کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم لە زیندانی قزلحەسار ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە

23:27 - 27 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: هێزە نیزامییەکانی رێژیم و زیندانبانانی زیندانی قزلحەسار پاش ناڕەزایەتیی زیندانییانی بەندکراو لەو زیندانە، تەقەیان لە ناڕازیان کرد کەلە ئەنجامدا ژمارەیەک زیندانی کوژران و بریندار بوون.
هەواڵدەریی هرانا بڵاوی کردەوە، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٦ی گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی، هێزەکانی یگان حەفازەتی زیندانی قزلحەساری کەرەج پاش ناڕەزایەتیی زیندانییان، بە کەڵک وەرگرتن لە چەکی گەرم، راستەوخۆ تەقەیان لە زیندانییان کرد.

هێزەکانی تایبەت و زیندانبانانی زیندانی قزلحەسار بەهۆی ناڕەزایەتیی زیندانییان و کۆبوونەوەی بنەماڵەکانیان، تەقەیان لە زیندانییان کردووە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، زیندانییانی بەندی ١ و٢ و هەروەها ساڵونی ٢ و٣ی زیندانی قزلحەسار کە بەندی زیندانییانی محکووم بە ئیعدامە، کراونەتە ئامانجی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم.

هەروەها بنەماڵەی زیندانییانی محکووم بە ئیعدام کەلە بەردەم زیندانی قزلحەسار کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان پێکهێنابوو، لەلایەن پۆلیس و ئاگرکوژێنەوە بە فشاری ئاو و باتۆم بڵاوەیان پێ کرا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە ژمارەی کوژراوان و برینداران و هەروەها دەسبەسەرکراوان لە بەردەستدا نییە.