کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی نەتەوەیی ٢ی رێبەندان لە رۆژئاوای کانادا پیرۆز کرا

01:12 - 2 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: لە رێوڕەسمێکدا ٦٨ەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە وڵاتی کانادا بە بەشداریی نوێنەرانی پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و کوردانی دانیشتووی رۆژئاوای ئەو وڵاتە پیرۆز کرا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٢٨ی بەفرانباری ١٣٩٢ی هەتاوی، رێوڕەسمێک بەبۆنەی ٢ی رێبەندان ٦٨ەمین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ رۆژئاوای کانادا و بەهاوکاریی کۆمیتەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو وڵاتە لە شاری ڤانکۆڤێر بەڕێوچوو.
رێوڕەسمی دووی رێبەندان لە ڤانکۆڤێر بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان کوردستان دەستی پێ کرد.
پاشان پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ رۆژئاوای کانادا لەلایەن \'\'سمایل ئیبراهیمی\'\' و پەیامی کۆمیتەی یەکیەتیی لاوانی دێموکرات، لەلایەن \'\'فایق گەیلانی\'\'یەوە پێشکەش کرا.
لە درێژەی رێوڕەسمەکەدا پەیامی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کوردستان لەلایەن \'\'حەمید بەهرامییەوە خوێندرایەوە، پاشان پەیامی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە رۆژئاوای کانادا لەو رێوڕەسمەدا خوێندرایەوە.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا هونەرمەندان سیرووس و خێرۆ عەبباس چەند گۆرانییەکیان پێشکەش بە ئامادەبوان کرد.
جێژنی ٢ی رێبەندان ساڵڤەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە وڵاتی کانادا بە بەشداری بەرچاوی کوردانی دانیشتووی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو.
رێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداربوان کۆتایی پێهات.