کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی نەتەوەیی ٢ی رێبەندان لە ئۆتریش پیرۆز کرا

14:11 - 1 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: بەبۆنەی ٦٨ەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە وڵاتی ئۆرتیش بە بەشداریی نوێنەرانی پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەرچوار بەشی کوردستان رێوڕەسمێک بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٢٨ی بەفرانباری ١٣٩٢ی هەتاوی، بەبۆنەی ٦٨ەمین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان رێوڕەسمێک لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە وڵاتی ئۆتریش بە بەشداریی زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە کوردانی دانیشتووی ئەو وڵاتە و نوێنەرانی رێکخراوە کوردییەکان بەڕێوەچوو.
سەرەتای رێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان و بەتایبەت پێشەوای شەهید قازی محەممەد دەستی پێکرد.
دواتر پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ ئۆتریش، لەلایەن \'\'دوکتور جەزا ساڵحی\'\' بەرپرسی کۆمیتەوە پێشکەش کرا.
لەو پەیامەدا وێڕای پیرۆزبایی جێژنی ٢ی رێبەندان، تیشک خرابوویە سەر دۆخی نەتەوەی کورد لە هەرچوار بەشی کوردی و بەربەستەکانی رێگای رزگاریی نەتەوەیی و ئاماژەی بەوە کردبوو کە ململانێی حیزبایەتی سەرەکی‌ترین خاڵی لاوازی جووڵانەوە کورد بووە.
لەو رێوڕەسمەدا فیلمێکی دێکۆمێنتاری لەسەر کۆماری کوردستان کە لەلایەن \'\'حوسێن خاڵخاڵ\'\'ەوە ئامادەکرابوو، بە پرۆژکتۆر نمایش درا.
بەپێی ئەم راپۆرتە، نوێنەرانی ئەم پارت و لایەنانە لەو رێوڕەسمەدا بەشدار بوون:
ــ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ــ کۆمیتەی دەرەوەی وڵات

ــ پارتی سوسیالیستی کوردستان/ باکوور

ــ یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان کۆمیتەی نەمسا

ــ حیزبی شیووعیی کوردستان رێکخراوی نەمسا

ــ حیزبی شیووعیی عێراق رێکخراوی نەمسا

ــ ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریە

ــ مەڵبەندی کوردی لە نەمسا

ــ کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان
لە نێوئاخنی ئەو رێوڕەسمەدا چەندین گۆرانی لەلایەن هونەرمەندان \'\'نەجمە غوڵامی و هەژار عومەر میراو\'\'ـەوە پێشکەش کران.

رێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداران کۆتایی پێهات.