کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی ٢ی رێبەندان لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزب بەڕێوەچوو

19:26 - 3 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٦٨ەمین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە رێوڕەسمی بنکەی دەفتەری سیاسیدا پێشکەش کرا.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، رێکەوتی ٣ی رێبەندانی ١٣٩٢ی هەتاوی، رێوڕەسمی ٢ی رێبەندان ٦٨ەمین ساڵـڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان بە ئامادەبوونی مستەفا هیجری سکرتێری گشتی، ئەندامانی رێبەری، کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و بنەماڵەکانیان و میوانان، لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوەچوو.
سەرەتای رێوڕەسمەکە بە خوێندنی سروودی نەتەوایەتیی \'\'ئەی رەقیب\'\' لەلایەن کۆڕی مووزیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە و راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگایی کوردستان دەستی پێکرد.
پاشان کەریم پەرویزی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی پێشکەش کرد.
لەو پەیامەدا هاتبوو: کۆماری کوردستان کیانێکی سیاسیی سەربەخۆ بوو کە نەتەوەی کوردی بووژاندەوە و هەموو نەتەوەکانی ناوچەکەی بۆ گەیشتن و خەبات کردن بە مافەکانیان هان دا.
ئەو ئەندامەی دەفتەری سیاسی وتی: کۆماری کوردستان، دەسەڵاتێک نەبوو بە هەڕەمەکی دابمەزرێت و بەڵکوو لەسەر ئەساسی بنەما ئەمڕۆیی‌یە دێموکراتیکەکان بە پیلان و بەرنامەوە دامەزرا.
پەرویزی لە پەیامی دەفتەری سیاسیدا بەو بۆنەوە وتی: پەیامی کۆمار رەمزێک بوو بۆ گەیشتن بە مافی نەتەوەکان و لەو کاتەوە هەتا ئێستا نەتەوەی کورد لەسەر ئەساسی ئەو پەیامە خەبات دەکات و یەکسانیی نەتەوەکان، دەسەڵاتی دێموکراتی و بەهای مرۆڤەکان و بنبڕ کردنی چەوسانەوەی مرۆڤ بە دەستی مرۆڤ، لە پەیامە سەرەکییەکانی کۆمار بوون.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا سرووودێک لەژێر ناوی \'\'حەقیقەت\'\' لەلایەن کۆڕی مووزیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەش کرا.
پاشان پەیامی هاوبەشی یەکیەتییەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن \'\'ئیلهام چایچی\'\' بەرپرسی گشتیی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەش کرا.
لە بەشێکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا گۆرانییەکی فولکلۆر لەلایەن \'\'سەرگوڵ و مەهتاب\'\'ەوە خوێندرا.
دواتر پەخشانێک لە نووسینی \'\'رێبوار ئەبووبەکری\'\' لەلایەن \'\'سەرگوڵ بڕوونووس\'\'ەوە خوێندرایەوە.
لە نێواخنی ئەو رێوڕەسمەدا چەندین گۆرانی و سروود لەلایەن کۆڕی مووزیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیرانەوە پێشکەش کران.
رێوڕەسمی ٢ی رێبەندان لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات، بە شایی و گۆڤەندی بەشداران کۆتایی پێهات.