کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی ٢ی رێبەندان لە وڵاتی فینـــــلاند بەرز راگیرا

12:35 - 13 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: رێوڕەسمی ٢ی رێبەندان بە بەشداریی نوێنەرانی پارت و لایەنە سیاسییەکان و کوردانی دانیشتووی ئەو وڵاتە، لە شاری ڤانتا بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، بەبۆنەیی ٦٨ەمین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان، لە شاری ڤانتا رێوڕەسمێک بە بەشداریی بەرچاوی کوردانی دانیشتووی وڵاتی فینـــلاند بەڕێوەچوو.

رێوڕەسمەکە بە خوێندنی سروودی نەتەوەیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فینـــلاند لەلایەن شەفیع رەوشەنی\'\'یەوە خوێندرایەوە.

لە پەیامی کۆمیتەدا، وێڕای پیرۆزبایی جێژنی ٢ی رێبەندان، تیشک خرابوویە سەر دۆخی نەتەوەی کورد و بەربەستەکانی رێگای رزگاریی نەتەوەیی.

لە پەیامی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی فینلاند هاتبوو: کۆماری کوردستان لووتکەی سەرکەوتنی بزاڤی ئازادیخوازی کوردستانە، بۆ ئێمە سیمبۆلی خەباتی نەتەوایەتی و گەیشتن بە ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستانە، هەربۆیە هەموو کوردستانیان‌، بەتایبەت خەباتکارانی رێگای ئازادی، بە رێزەوە یادی کۆماری کوردستان‌و دامەزرێنەری کۆمار، پێشەوا قازی محەممەد، دەکەنەوە. کۆماری کوردستان لە مێژووی نوێ و مۆدێڕنی سیاسیی نەتەوەی کورددا، نەک تەنیا لە کوردستانی رۆژهەڵات، بەڵکوو لە سەرانسەری کوردستان، وەکوو خاڵێکی مێژوویی گرنگ‌و بەرچاو دێتە ئەژمار.

پاشان پەیامی هەرکام لە هێزە سیاسییەکان بەم شێوەیە لەلایەن نوێنەرەکانیانەوە خوێندرانەوە.

ــ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
ــ پارتی دێموکراتی کوردستان
ــ یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان
ــ کۆمەڵە (حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)
ــ سازمانی دێموکراتیکی یارسان
ــ سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
ــ پەیامی هاوبەشی کۆمیتەی یەکیەتییەکانی ژنان و لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
لە بڕگەیەکی دیکەدا دوو هۆنراوە لەلایەن بەڕێزان فازڵ سوڵتانپەنا و حوسێن ئاگالییەوە پێشکەش کران.

پاشان پارچە مووزیکێک لەلایەن پێشڕەو و دیارەوە پێشکەش بە ئامادەبوان کرا.

لە پەراوێزی رێوڕەسمەکەدا کۆبوونەوەی هێزە سیاسییە کوردستانییەکان پێک هات، نوێنەرانی هێزە کوردستانییەکان لەپێوەندی بە پرسی کوردانی دانیشتووی وڵاتی فینـــلاند و هەروەها بارودۆخی سیاسیی کوردستان بیروڕایان گۆڕییەوە.

رێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداران کۆتایی پێهات.