کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ لە وڵاتی کانادا بەرز راگیرا

22:22 - 29 گەلاوێژ 2713

کوردستان میدیا: کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کانادا و لقی پارتی دێموکراتی کوردستان لە ڤانکۆڤێر، بە شێوەیەکی هاوبەش جێژنی ٢٥ی گەلاوێژیان بەڕێوەبرد.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٢٧ی گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاوی، بەبۆنەی جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ ٦٨مین ساڵـڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ٦٧مین ساڵـڕۆژی دامەزرانی پارتی دێموکراتی کوردستان، بە شێوەیەکی هاوبەش رێوڕەسمێک بە بەشداریی ئەندامان و لایەنگرانی هەر دوو لایەن و هاووڵاتییانی دانیشتووی هەرێمی رۆژئاوای کانادا، لە یەکێک لە پارکە سەرەکییەکانی شار بەڕێوەچوو.
رێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و راگرتنی خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاری و سەربەستیی کوردستان دەستی پێکرد.
پاشان بەڕێزان \'\'رەحمان مورادی، بەڕێز سەلمان و حەمید بەهرامی\'\' بە ریز پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ رۆژئاوای کانادا، پەیامی پارتی دێموکراتی کوردستان ــ لقی ڤانکۆڤێر و پەیامی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کوردستانییەکانیان، بەبۆنەی جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ پێشکەش کرد.
دواتریش چەند پارچە شیعر و پەخشان لەلایەن \'\'حیکمەت قولی‌زادە\'\'وە پێشکەش کرا.
رێوڕەسمی ٦٨مین ساڵـڕۆژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ٦٧مین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی پارتی دێموکراتی کوردستان، بە رەشبەڵەک و شایی و گۆڤەندی بەشداران، کۆتایی پێهات.