کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێگری سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكرات لەگەڵ سناتۆرێكی سنای فەرانسە كۆبۆوە

22:52 - 15 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: حەسەن شەرەفی جێگری سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكرات و خوسرەو عەبدوڵڵاهی نوێنەری حیزب لەفەرانسە، لەگەڵ سناتۆر میشێل پی یوو ئەندامی كۆمیسیۆنی پێوەندییە بیانییەكانی مەجلیسی فەرانسە دیدار و چاوپێكەوتنی ئەنجام دا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رۆژی سێ‌شەممە رێكەوتی ١٤‌ی جۆزەردان بەڕێز شەرەفی لە كۆبوونەوە لەگەڵ ئەندامی كۆمیسیۆنی پێوەندییەكانی مەجلیسی فەرانسە و جێگری رێكخراوی ئەمنیەتی ئورووپا، كۆمەڵێك باس و بابەتی پێوەندیدار بە دۆزی كورد، ئێران و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤینیان تاوتوێ‌كرد.
پێشێل كردنی مافی مرۆڤ لەئێران، بەرنامەی ناوكیی رێژیمی ئێران، دۆخی سیاسیی، ئابووری و كۆمەڵایەتی خەڵكی ئێران تەوەرێكی دیداری شەرەفی و پی یوو بوو.
كاریگەری گەمارۆكان بۆ سەر رێژیمی ئێران و گوشار بۆسەر هاووڵاتیان، شانۆی هەڵبژاردنەكان، خەباتی نەتەوەی كورد و قەیرانی سووریە و دەستێوەردانەكانی رێژیمی ئێران لەكاروباری ئەو وڵاتە بەشێكی دیكەی باسەكانی كۆبوونەوەی جێگری سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكرات و ئەو سناتۆرەی فەرانسە بوو.
لەو دانیشتنەدا باس لەدۆخی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیش كراوە و پرسی یەكیەتی و هاودەنگیش هاتۆتە گۆڕێ‌.
بەڕێز شەرەفی لەو پێوەندییەدا باسی لەگیروگرفتەكانی سەر رێگای یەكگرتوویی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی كردووە و كۆدەنگیشی بە پێویستێكی مێژوویی زانیوە.
حەسەن شەرەفی لەو دیدارەدا باسی لەكۆنگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فێدراڵ و رێككەوتنامەی حیزبی دێمۆكرات و كۆمەڵە كردووە و جەختی لەوەش كردۆتەوە حیزبی دێمۆكرات لەهەوڵی ئەوەدایە ئەو كۆدەنگییە لەنێو ئۆپۆزیسیۆنی دێمۆكرات و چەپی ئێرانیدا پەرە پێبدات.