کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حكوومەتی ئازەربایجان ژمارەیەك لە ئەندامانی سپای پاسدارانی بە تاوانی سیخوڕی بۆ رێژیمی ئێران دەستبەسەر كرد

19:22 - 30 سەرماوەز 2712

كوردستان میدیا: حكوومەتی ئازەربایجان ٦ كەسی بە تاوانی سیخوڕی بۆ سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر كرد.

ماڵپەڕی دبكا بڵاوی كردەوە، ئەو شەش كەسە لە هەوڵی ئەوەدا بوون كە وێنە لە بنكە و پایگا نهێنییەكانی ئازەربایجان بگرن و بۆ سپای پاسدارنی بنێرن.

سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد، ئەو شەش كەسە كاتێك كە دەسبەسەر كران پارەی ساختە، چەك و كەرەسەی ئێلێكترۆنیكیان پێ‌ بوو.
هەتا ئێستا لێپرسراوانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران دژكردەوەیان بەو هەواڵە نیشان نەداوە.

پێشتریش دەزگای قەزایی حكوومەتی بەحرەین ٨ كەسی بە تاوانی سیخوڕی بۆ وەزارەتی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە زیندان مەحكووم كردبوو.

دەزگای قەزایی وڵاتی بەحرەین رایگەیاندبوو، ئەو هاووڵاتییانە دیانهەویست بە هاوكاریی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران پیلانی رووخاندنی حكوومەت دابڕێژن.

ماوەیەك لەمەوبەریش لێپرسراوێك لە دەزگای ئەمنیەتیی وڵاتی ئەفغانستان رایگەیاندبوو، هەواڵنێرێكی ئێرانی بە تاوانی سیخوڕی كردن بۆ وەزارەتی ئیتلاعاتیی ئەو رێژیمە دەستبەسەر كرا.
عەبدولواحید حەكیمی هەواڵنێری هەواڵدەریی فارس بە تاوانی ناردنی كۆمەڵێك بەڵگە و وێنەی تایبەتی بنكە نیزامییەكانی ئەفغانستان بۆ باڵوێزخانەی ئێران لەو وڵاتە، دەستبەسەر كرابوو.