کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوکمی ئیعدامی دوو زیندانیی سیاسیی کورد تەیید کرا

21:25 - 3 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: حوکمی ئیعدامی دوو زیندانیی سیاسیی کورد بەناوەکان عەلی ئەفشاری و حەبیب ئەفشاری لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە تەیید کرا و هەنووکە مەترسیی لە سێدارەدانیان لەسەرە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کوردستان میدیا، دوێنێ سێ‌شەممە رێکەوتی ٢ی بانەمەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، حوکمی ئیعدامی عەلی ئەفشار ی و حەبیب ئەفشاری کە لەلایەن لقی ٣١ی دیوانی بەرزی وڵاتەوە تەیید کراوە، لەلایەن بازنەی بەڕێوەبەریی حوکمەکانی زیندانی ئورمیەوە بە فەرمی بەو دوو زیندانییە سیاسییە راگەیەنراوە.
هەواڵدەریی چاودێرانی مافی مرۆڤی کوردستان، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە دۆسیەی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە بڵاوی کردووەتەوە، عەلی و حەبیب ئەفشاری هاوڕێ لەگەڵ برایەکی دیکەیان بەناوی سولتان ئەفشاری بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەهەمبەر ئەو حوکمە دەستیان داوەتە مانگرتن.
بەپێی ئەم سەرچاوەیە، سوڵتان ئەفشاری کەلە زیندانی ناوەندیی ئورمیە حوکمی ٥ ساڵ زیندانی هەیە، ئەمڕۆ جوارشەممە هاوڕێ لەگەڵ براکانی مانیان لە خواردن گرتووە.
حەبیب و عەلی ئەفشاری لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە بە تۆمەتی \'\'موحاربە\'\' لە رێگەی ئەندامەتی و چالاکیی تەبلیغی بۆ حیزبێکی کوردی دژبەری رێژیمی ئێران حوکمی ئیعدامیان بۆ بڕایەوە.
دوو برای دیکەی ئەو زیندانییە سیاسییانە بەناوەکانی جەعفەر و وەلی ئەفشاری بە تۆمەتی \'\'هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی\'\' حوکمی ٥ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاوە و هەنووکە لە زیندانی ناوەندیی شاری ئورمیە ماوەی حوکمەکەیان تێپەڕ دەکەن و لە مافی مولاقات بێ بەشن.