کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حکوومەتی تورکیە: پێویستە رێژیمی ئێران رێگاچارە بۆ کێشەکانی سووریە دەستنیشان بکات

15:26 - 29 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی تورکیە رایگەیاند، رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەباتی پەرچەکردار بە دامەزراندنی سیستمی مووشەکی، پێویستە رێگاچارە بۆ کێشە و ئاڵۆزییەکانی سووریە بدۆزێتەوە.
ئەحمەد داوود ئوغلو بە هەواڵدەریی فەڕانسەی راگەیاندووە، پێویستە لێپرسراونی ئێران پرسیار لە بەشار ئەسەد بکەن کە لەبەر چ هۆکارێک سنوورەکانی سووریە ـ تورکیەی نائەمن کردووە.
وەزیری دەرەوەی حکوومەتی تورکیە وتیشی: رێژیمی سووریە بە هاوکاریی پشتیوانەکانی خۆی بارودۆخی ناوچەکەی خستۆتە مەترسییەوە.
لەسەر داوای حکوومەتی تورکیە، سیستمی مووشەکیی پاتریوت لە سنووری تورکیە ــ سووریە لەلایەن ناتۆوە دادەمەزرێت.
تورکیە لە پێوەندی لەگەڵ ئەو داواکارییەدا رایگەیاندووە، ئێمە بە مەبەستی بەرگری و پاراستنی سنوورەکانمان ئەو داواکارییەمان پێشکەش بە ناتۆ کردووە.
ئەو هەوڵەی تورکیە دژکردەوەی توند و بەربڵاوی لێپرسراوانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانی لێکەوتەوە و لە تازەترین لێدواندا، یەحیا رەحیم سەفەوی راوێژکاری خامنەیی بۆ کاروباری نیزامی رایگەیاندبوو، دامەزراندنی سیستمی مووشەکیی پاتریوت لە تورکیە بە پشتیوانی ئەمریکا جێبەجێ‌ دەکرێت و ئەو هەوڵە پەرە بە ئاڵوزییەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین دەدات.