کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حکوومەتی ئەمریکا هەوڵەکانی بۆ پێشگری لە دزەی رێژیمی ئێران لە ئەمریکای لاتین خستە گەڕ

15:11 - 9 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: باراک ئۆباما رەشنووسی کۆنگرەی ئەمریکا بۆ بنبڕ کردنی دزە کردنی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کاروباری ئەمریکای لاتین واژۆ کرد.
بەپێی ئەو یاسایە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەرکدار کرا کە لە ماوەی ١٨٠ رۆژدا بەرنامەی کاری خۆی بە مەبەستی بنبڕ کردنی حوزووری ئێران لە ئەمریکا لاتین دیاری بکات.
هەر لەو پێوەندییەدا وەزارەتی ئەمنیەتیی میللیی ویلایەتە یەکگرتووەکانیش دەبێ‌ لەمەدوا کونترۆڵ زیاتری بەسەر ناوچە سنوورییەکانی کانادا و مەکزیکدا بکات.
ئەو یاسایە بە مەبەستی پێشگرتن لە دزەی دەست و پێوەندیەکانی رێژیمی ئێران وەکوو سپای پاسداران، سپای قودس، حیزبوڵڵا و گرووپە تێرۆریستەکانی دیکە پەسند کراوە.
هەواڵدەریی BBC بڵاوی کردەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا یەک میلیۆن دۆلاری بۆ ئەو هەوڵە تەرخان کردووە.
راپۆرتی چالاکییە دێپلۆماتیک و ئابوورییەکانی رێژیمی ئێران لە ئەمریکای لاتین، بازاری وزەی ئەمریکا و جیهان و دەسنیشان کردنی رێکاری گونجاو بۆ بنبڕ کردنی یارمەتیی وڵاتانی ناوچە بە رێژێمی ئێران ئەو خاڵانن کە پێویستە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرنامەیان بۆ دابڕێژێت.
پێشتر وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان رایگەیاندبوو، رێژیمی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو نەیتوانیوە دزە بکاتە ئەمریکای لاتین.
رێژیمی ئێران بە شێوەی بەردەوام لە هەوڵی دروست کردنی پێوەندیی ئابووری و سیاسی لەگەڵ وڵاتانی ئەمریکای لاتین دایه.