کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حکوومەتی ئەمریکا گەمارۆی خستە سەر رێکخراوی دەنگ و رەنگی رێژیمی ئیسلامیی ئێران

15:35 - 30 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: هەر دوو سنای ئەمریکا و کۆنگرەی ئەمریکا رێکخراوی دەنگ و رەنگی رێژیمی ئێرانی بە هۆی پێشێڵ کردنی مافی مرۆڤ، خستە لیستەی گەمارۆکانەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا زەرغامی لێپرسراوی ئەو رێکخراوەیەش خراوەتە ناو لیستەی گەمارۆکانی سنا و کۆنگرەی ئەمریکاوە.
بەپێی ئەو گامارۆ نوێیە سەرجەم کۆمپانیاکانی وڵاتی ئەمریکا و ئەو کۆمپانییانەی وڵاتانی دیکە کە لە ئەمریکا دان، بۆیان نییە هیچ پێوەندییەکی بازرگانییان لەگەڵ رێژیمی ئێران هەبێت و ئەگەریش پێشتر هەیانبووە دەبێ‌ کۆتایی پێ‌ بێنن.
ماوەیەک لەمەوبەریش کۆمپانیای هاتبێرد وەشانی کاناڵەکانی ئەلکەوسەر، شەبەکەی خەبەر، سەحەر ١و٢، جام جەم ١و٢ و ئەلعالەمی سەربە رێژیمی ئێرانی قەدەغە راگەیاند.
ماوەیەک لەمەوبەریش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چوار کۆمپانیا و ژمارەیەک لێپرسراوی پایەبەرزی بە لیستەی گەمارۆکان زیاد کردبوو.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەو گەمارۆیانە بە مەبەستی پێشگری لە دەست پێڕاگەیشتنی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە چەکی ئەتۆم خراونەتە سەر ئەو رێژیمە.
فەریدوون عەبباسی لێپرسراوی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران یەکێک لەو کەسانەیە کە گەمارۆی خراوەتە سەر.
بەپێی ئەو گەمارۆیە کۆمپانیا و هاووڵاتییانی ئەمریکایی مافی ئەوەیان نییە کە لەگەڵ کۆمپانیا و لێپرسروانی رێژیمی ئێران بازرگانی بکەن.