کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێمۆكرات بەشداریی لەرێوڕەسمی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دێمۆكراتی پێشكەوتنخوازی كورد، كرد

15:12 - 25 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: شاندێكی حیزبی دێمۆكرات بە سەرپەرستی محەممەد نەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسیی، لەشاری سلێمانی بەشداریی لەیادی ٥٦ ساڵەی دامەزرانی پارتی دێمۆكراتی پێشكەوتنخوازی كورد لە سووریە كرد.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، ئەو رێوڕەسمە رۆژی هەینی رێكەوتنی ٢٤‌ی جۆزەردان بەڕێوە چوو و شاندی حیزبی دێمۆكرات لەلایەن بەڕێز عەبدولحەمید دەروێش سكرتێری گشتیی ئەو پارتەوە پێشوازیی لێ‌ كرا. شاندی حیزب پەیامی دەفتەری سیاسیان پێشكەش بە دەستەی بەڕێوەبەری رێوڕەسمەكە كرد ‌و لەو رێگەوە پیرۆزبایی بەڕێز سكرتێری گشتی حیزب مستەفا هیجرییان لێ‌ كردن.
لەو یادكردنەوەیەدا ژمارەیەكی بەرچاو لە هێزو لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان بەشدار بوون .
پارتی دێمۆكراتی پێشكەوتنخوازی كورد لەسووریە، ٥٦ ساڵ لەمەوبەر لەسەر دەستی چەند كەس لە تێكۆشەرانی كوردی سووریە دامەزراوە و لەو ماوەیەشدا تێكۆشەرانی ئەو حیزبە بەپێی ئیمكان و دەرفەت لە خەباتی سیاسیدا بەشدار بوونە.
بەڕێز عەبدولحەمید دەروێش وەكوو كەسایەتییەكی ناسراو و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری پارتی دێمۆكراتی پێشكەوتنخوازی كوردی سووریە، دۆستایەتییەكی نیزیكی لەگەڵ حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران هەیە.

دەقی پەیامەكە:


پەیامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران بۆ پارتی دێمۆكراتی پێشكەوتنخوازی كورد لە سووریە
بەڕێز / كاك حەمید دەروێش، سكرتێری پارتی دێمۆكراتی پێشكەوتنخوازی كورد لەسووریە!

بەڕێزان ئەندامانی رێبەری!

وێڕای سڵاوێكی دوستانە‌ و برایانە!
دەفتەری سیاسی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، جێژنی ٥٦ هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتە تێكۆشەرەكەتان پڕبەدڵ لە بەڕێزتان ‌و هەموو ئەندامان ‌و جەماوەری پارتی دێمۆكراتی پێشكەوتنخوازی كوردی لە سووریە، پیرۆزبایی دەكا ‌و هیوادارین لە پێناوی وەدیهێنانی ئامانجە سیاسی ‌و نەتەوەییەكانی گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان سەر كەوتوو بێ.

بەڕێزان!

ئێوە ئاهەنگی ساڵیادی پارتە خەباتگێڕەكەتان لە بار‌ودۆخێكی زۆر هەستیاردا دەكەنەوە‌و لەم هەل‌ومەرجە تایبەتیەدا ، كە بزووتنەوە سیاسی ‌و مەدەنی گەلی سووریە ‌و بزووتنەوەی نیشتمانی گەلی كورد، بە ئامانجی رووخاندنی رێژیمی دیكتاتۆری بەعس لەو وڵاتەدا لە خەبات ‌و بەرخۆدانێكی خۆێناوی دایە ‌و پارتی ئێوەش بە درێژایی مێژووی سیاسی خۆی لەم خەباتەدا دەورێكی بەرچاوی گێڕاوە ‌و هەنووكەش ئەركێكی گەورەی كەوتۆتە سەرشانی كە بە پێی ئەو ئەزموونە میژوویەی كە هەیەتی دەتوانێ وەك هێزێكی شوێندانەر لە پرۆسەی رزگاریی وڵاتی سووریە لە چنگ رێژیمی دیكتاتوری بەشار ئەسەد‌و بەرەوپێش بردنی پرَۆسەی دێمۆكراتی لەو وڵاتە ‌و دامەزراندنی سیستمێكی دێموكراتیك ‌و ئەوڕۆیی كە مافە سیاسی ‌و نەتەوەییەكانی گەلی كورد لەو وڵاتە دەستەبەر بكا، رۆڵی خۆی بگێڕێ.
هەروەها بۆ گەیشتنی بەو ئامانجە سیاسییە لەم قۆناغە مێژووییدا، یەك گوتاری ‌و یەكییەتی هێزە سیاسییەكانی كورد ‌و هاوخەباتی لەگەڵ بەرەی پێشكەوتووخوازی ئۆپوزیسیونی سووریە كە بۆ رووخانی ئەم رێژیمە داپڵۆسێنەرە، لە خەباتدان پێویستێكی مێژوییە.
دەفتەری سیاسی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران بە لەبەر چاوگرتنی پێوەندی لەمێژینەی لەگەڵ پارتە خەباتگێرەكەتان ‌و تێكۆشەرانی دێرینی ئەم پارتە، لە رێوڕەسمی ٥٦هەمین ساڵیادی دامەزرانی پارتی دێمۆكراتی پێشكەوتنخوازی كوردی لە سووریە، لە تێكۆشەری دێرین كاك حەمید دەروێش سكرتێری گشتی ‌و هەڤاڵانی سەركردایەتی ‌و جەماوەریی نیشتمانپەروەر، پیرۆزبای دەكا ‌و لەسەر پێوەندی دوستانە ‌و برایانە ‌و هاوخەباتیمان بۆ گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەیییەكانی گەلی كورد جەخت دەكاتەوە.

بەرز ‌و پیرۆز بێ ٥٦ هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دێموكراتی پێشكەوتنخواز كوردی لە سووریە

سەركەوێ‌جووڵانەوەی مافخوازی گەلی كورد لە سووریە

بەسپاسەوە

حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران

دەفتەری سیاسی