کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەماسەخولقێنەکان

16:44 - 2 پووشپەڕ 2716

کەریم پەرویزی

بۆ ئەوەی کە مرۆڤێک لە نێو جەرگەی هەراوهوریای شەڕی ژیان و ژیانەوە و مان و نەماندا، جێگایەکی تایبەت بۆ خۆی و بۆ باوەڕەکانی و بۆ پێناسەکەی بدۆزێتەوە، ڕەنگە پێویست بێ کە لە کردار و نەخش گێڕاندا بە دوای ڕێگا و ڕێڕەوی نوێ و بیر لێ نەکراوە بگەڕێ تاکوو نەک لافاوی ڕووداوەکان هەڵی بگرێ، بەڵکوو مۆرکی خۆی بەسەر کارنامەی ژیانەوە بنێ.

لە نێو کۆمەڵگادا و لەبەرانبەر سیستمی ستەمکار و داپلۆسێنەردا، مرۆڤەکان بۆ ئەوەی بەرەنگاری لە کردار و هەڵسوکەوتیاندا ڕەنگ بداتەوە و بۆ ئەوەی بتوانن کە چارەنووسی ڕەوتی ژیانیان بگرنە دەست، زۆر گرفت و کەندو کۆسپ لەسەر ڕێگای خۆیان ببینن و ئەو گرفتانە ئەوەندە لەبەرچاویان گەورە بێ کە دەست لە هەموو خولیاکان بەردەن و پێیان وابێ تەسلیمی ئەمری واقیع بوون و ملی بۆ شۆڕ کەن، تەنیا ڕێگایانە بۆ درێژەدان بە زیندوو بوون.

ئەو جۆرە زیندوو بوونە، ژیانی شیاوی مرۆڤ نیە، بەڵکوو تەنیا زیندوو بوونێکە وەکوو بوونەوەرێکی سروشتی کە چۆن نان و ئاو دەخا و چۆن جێگا دەگرێ و چلۆن وەچە دەخاتەوە، ئاوەهاش ژیانی مرۆڤێک کە تەسلیمی ئەمری واقیع دەبێ لەو ئاستە تێ‌ناپەڕێ و شتێک بە ناوی ئیرادە و خولیا و خولقاندن و ئافراندن هیچ جێگەیەکی لە پێناسەی بوونی‌دا نیە.

ڕەنگە وا بیر بکرێتەوە کە چوونکە ڕێگای بەردەم زۆر دژوارە و کەند و کۆسپەکان ئەوەندە گەورەن کە مرۆڤی تەنیا هیچی پێ ناکرێ و بە ناچاری ملکەچی واقیع دەبێ.

بەڵام ڕێک لەو کاتانەدا کە تۆوی بێ‌هیوایی دەچێندرێن و کەشوهەوای دەستەمۆ بوون زاڵ دەکرێ، کەسانێک دەردەکەون کە بە دەستی بەتاڵ یان بە کەمترین ئامرازەوە کە ڕەنگە بۆ هەموو کەس دەست بدا، بە گژ دژوارترین تۆفانەکان و بەگژ وێرانکەرترین سوپای ستەمکاراندا دەچنەوە و بە کەمترین ئامراز، بەڵام بە لێوڕێزژترین ورە و ئیرادەی مرۆڤبوون و ئافراندنەوە، کۆڵنەدان و نە وتن دەکەن بە ڕێرەو و ڕێباز و هەیمەنەی پووشاڵیی سوپای کڕێوە و ستەم دەشکێنن.

ئەوان بۆشایی و بەتاڵبوون و بێ‌نێوەرۆکیی دەسەڵاتی تاریکی پەرستی و لەرزۆکیی کۆڵەکە ڕزیوەکانی دەسەڵاتی بێدادگەر دەر دەخەن و بۆیە هەر کە ناویان دێ، سەرتاپای سیستمی سەرەڕۆ وەلەرزە دەکەوێ.

ئەو مرۆڤانەی کە بە کەمترین ئامراز، بەڵام بە ئیرادەیەکی پڕ و بە ورەیەکی بەرز، بە بەرزیی باڵای زاگرۆسەوە ڕووداوێک دەخولقێنن کە نەوە بە دوای نەوە دەگێڕدرێتەوە و بە هەزاران کچ و کوڕی نیشتمانی پێ گۆش دەکرێ و تامەزرۆی دووپاتکردنەوەی قارەمانەتیەکانیان دەبن، پێویست نیە کە حەتمەن مرۆڤیک بن کە فەڕ و شکۆیەکی تایبەتییان پێ بەخشرابێ تاکوو بتوانن مێژوو بخولقێنن. ئەوان مرۆڤە ئاساییەکانی نێو باوەشی گەلن کە بڕوایان بە ئیرادەی شۆڕشگێری، هاندەریانە بۆ بەچۆکداهێنانی هیزە دژەمرۆییەکان و بە کردار و کردەوەی پڕ لە ورەو ئیرادەیان، حەماسە دەخولقێنن.